شی جینپینگ: چین و ئەمریکا دوو زلهێزی جیهانن و دەبێت بە هاوبەشی کار بکەین
سەرۆکی چین لە میانی وتارێکیدا لە کۆشکی سپی، دڵخۆشیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دەربڕی و رایگەیاند، بەرژەوەندییەکانی واشنتن و بەیژینگ پێکەوە گرێدراون، هاوکات هۆشداری دا لەوەی لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەکدا هەردوو وڵات زیانمەند دەبن و بە پێچەوانەشەوە، لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگییەوە هەردوولا سوودمەند دەبن.
پێنجشەممە 24ـی ئەیلوولی 2026، شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە میانی وتارێکیدا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند، ئەم سەردانەی لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە، بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگی و کارکردنی هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلدا. گوتیشی: رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکان لەم قۆناخەدا گرنگییەکی مێژوویی هەیە، بەتایبەت بۆ چین و ئەمریکا وەک دوو زلهێزی جیهان کە دەبێت هاوشانی یەکتر بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەستۆ بگرن. هاوکات باسی سەردانەکەی پێشووی ترەمپ بۆ بەیژینگ کرد و ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی نیشان دا بۆ پەرەپێدانی ستراتیژییەکی هاوبەش کە خزمەت بە گەشەپێدانی هەردوولا بکات.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، شی جینپینگ جەختیکردەوە،، پێویستە هەردوولا بە باشی لە یەکتر تێبگەن، رێز لە سەروەری و داخوازییە رەوا نیشتمانییەکانی یەکتر بگرن و بە دیدێکی هاوبەشی دوور لە عەقڵییەتی دۆڕاو و براوە مامەڵە بکەن، چونکە هیچ لایەنێک تەنیا ناتوانێت زاڵ بێت.
لە کەرتی ئابووری و بازرگانیدا، سەرۆکی چین پێشنیازی کرد گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاد بکرێن بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی. هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، لە هەمان کاتدا داوای لە واشنتن کرد پێداچوونەوە بە بڕیارە سزاییەکانیدا بکات و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئاسانکاری بۆ چالاکیی کۆمپانیا چینییەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا فەراهەم بکات.
لە کۆتایی وتەکانیدا، سەرۆکی چین تیشکی خستە سەر پاراستنی ئاسایشی جیهانی و تەکنەلۆژیای سەردەم، و داوای کرد دیالۆگێکی بەردەوام و راستەوخۆ لە نێوان سوپای ئەمریکا و سوپای چیندا هەبێت بۆ رێگریکردن لە هەر لێک تێنەگەیشتنێک، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە واشنتن و بەیژینگ پێکەوە کار بکەن تاوەکو پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد (AI) لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی مرۆییدا بمێنێتەوە و هاوبەشیی هەردوو وڵات ببێتە مایەی بونیاتنانی جیهانێکی باشتر.