زانکۆلاین 48 کاتژمێر درێژکرایەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا ماوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە ئەمە دوایین دەرفەتە و چیدیکە وادەکە درێژ ناکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی 12ـی ئامادەیی، بە تایبەت ئەو کەسانەی تا ئێستا فۆڕمی (زانکۆلاین)ـیان پڕنەکردووەتەوە یان قۆناخەکانیان تەواو نەکردووە، بڕیار درا ماوەی زانکۆلاین 48 کاتژمێری دیکە، واتە تا کاتژمێر 12:00ـی شەوی رۆژی شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026 درێژ بکرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و رەخساندنی دەرفەت بۆ دەرچووانی ئەمساڵ کە بەهەر هۆکارێک بووبێت نەیانتوانیوە سوودمەند بن، دەتوانن فۆڕمەکانیان تەواو بکەن، هاوکات دەرچووانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەییە پیشەییەکانیش دەتوانن سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەم ماوەیەدا فۆڕمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هۆشداریش دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەمە دواین دەرفەتە و چیدیکە ماوەی زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوا لە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەکەین، لە ماوەی ئەم 48 کاتژمێرەدا پەلە بکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمەکانیان.

پێنجشەممەی رابردوو، 17ـی ئەیلوولی 2026،  سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان کارا کرا، بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ سیستەمەکە دادەخرا، بەڵام وەک هاوکاریی و کارئاسانی بۆ دەرچووانی پۆلی 12 درێژکرایەوە.