زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە
ئەمشەو کاتژمێر 12ـی شەو سیستەمەکە دادەخرێت
زانکۆلاین درێژناکرێتەوە و ئەمشەو کاتژمێر 12ـی شەو سیستەمەکە دادەخرێت و هەفتەی داهاتووش ئەنجامی زانکۆلاین رادەگەیەندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، دکتۆر خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوونە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هیچ شێوەیەک وادەی پرکردنەوەی فۆڕم لە سیستمی زانکۆلاین درێژناکرێتەوە و ئەمشەو دوا دەرفەت دەبێت بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، د.خەتاب ئەحمەد گووتیشی، چەند رۆژ پێش ئێستا بڕیاردرا بۆ ماوەی 48 کاتژمێر وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی زانکۆلاین درێژبکرێتەوە بۆ مەبەستی ئاسانکاری و هاوکاریکردنی زیاتری دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بوو بەڵام ئەمشەو کاتژمێر 12ـی شەو ئەو وادە 48 کاتژمێرییە تەواو دەبێت و دوای 12ـی شەو سیستەمە دادەخرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هۆشداری دەدات و جەختیشی کردەوە، ئەم چەند کاتژمێرەی کە ماوە دواین دەرفەتە و ماوەی زانکۆلاین درێژ ناکرێتەوە، بۆیە داوا لە دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەکات، لەم چەند کاتژمێرەی کە ماوە پەلە بکەن و تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنی فۆڕمەکانیان.
سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین، د.خەتاب ئەحمەد بۆ کوردستان24 پشتراستیکردەوە ماوەی راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین نزیک دەبێت و بە هەفتەی داهاتووش ئەنجامەکان لەسەر سیستەمە رادەگەیەندرێت.
ئەمە لە کاتیکدایە، پێنجشەممەی رابردووتر، سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ سەرجەم بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان کارا کرا، بیریشتان بهێنمەوە بۆ ئەمساڵ (40٫716) دەرچووى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (30٫847) دەرچوو لە بەشى زانستى، (7٫923) دەرچوو لە بەشى وێژەیی، (1٫240) دەرچووى ئامادەییە پیشەیی، (706) دەرچووى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.