عەبوودی: بەغدا و واشنتن لەسەر بەردەوامیی ناردنی دۆلار گەیشتنە لێکتێگەیشتن
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن بۆ بەردەوامیی ناردنی دۆلاری کاش. ئاشکراشی کرد: لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش بۆ عێراق دەنێردرێت.
شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاشکرای کرد، "یەکێک لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی سەردانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بۆ ئەمریکا، گەیشتن بوو بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەردەوامیی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ عێراق، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە دابینکردنی پێداویستییە رەوا و شەرعییەکان لە دراوی بیانی، لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی نوێی دۆلار بۆ عێراق دەنێدرێرێت.
گوتەبێژی حکوومەت، ئاماژەی بە هۆکارەکانی پشت ئەم لێکتێگەیشتنە کرد و گوتی: ئەم لێکتێگەیشتنە لە سایەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەدا هاتووەتە کایەوە کە عێراق لە بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار و رێکخستنی شێوازی بەکارهێنانەکانیدا بەدەستیهێناوە، لەگەڵ سنووردارکردنی حاڵەتەکانی خراپبەکارهێنانی دراوی بیانی؛ هەروەها ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ فراوانکردنی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هەنگاونانی کردەیی بەرەو وەرچەرخانی قۆناخ بە قۆناخ بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، 6ـی ئابی ئەمساڵ دواین جار بوو کە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا 500 ملیۆن دۆلاری کاشی بۆ بانکی ناوەندیی عێراق ناردبوو. ئەو گوژمە داراییە بۆ دابینکردنی مووچە، گەشتیاری و حەواڵەی دەرەکی بەکارهاتووە و بڕێکی کەمی ماوەتەوە.
دانەر عەبدولغەفار جەختیکردبووەوە، تا 30ـی ئەیلوول ئەگەر گرووپە چەکدارەکان چەک دانەنێن، مەترسی ئەوە هەیە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بە ئاسانی دۆلار بۆ عێراق رەوانە نەکات.