پڕۆژەیاسای بودجە هەنگاوێکی دیکەی بڕی
وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کرد، ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 کۆتایی هاتووە و بە مەبەستی تاوتوێکردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، دوای تەواوبوونی قۆناخەکانی ئامادەکردنی، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کراوە.
روونیش کراوەتەوە، ئەمەش بەرهەمی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بووە بە سەرپەرشتیی فالح ساری وەزیری دارایی، بە میوانداریکردنی نوێنەرانی وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان، پارێزگاکان و راوێژکردن بە شارەزایانی دارایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لە کاتی دیاریکراودا پابەندبوونەکانی خۆی لە ئامادەکردنی پڕۆژەکە جێبەجێ کردووە. باسی لەوە کرد، ئامادەکردنی بودجەکە جێبەجێکردنی پلەبەپلەی سیستمی "بودجەی بەرنامە و کارایی" بۆ کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانییە و سەڵاحەددین لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی تەرخانکراوە داراییەکان بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە ببەسترێنەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو، پڕۆژەکە رەچاوی پێشینەکانی کارنامەی حکوومەت، گۆڕانکارییە ئابووری و داراییەکان و پێداویستییەکانی چینەکانی کۆمەڵگەی کردووە لە چوارچێوەی توانای دارایی بەردەستدا. هەروەها تیشکی خستووەتە سەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەسپاندنی رێکخستنی دارایی.
بڕیارە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بکات، دواتریش بۆ پەسەندکردنی کۆتایی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بکات بەپێی رێکارە باوەکان.