بودجە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا

ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 پەسەند کرد و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی فالح ساری، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و رێکەوتی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026ـی لەسەرە، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ئاراستەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە 12ـیەمین دانیشتنی خۆیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئاگاداری رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بووە بۆ ساڵی دارایی 2027. ئاماژە بەوەش دراوە، رەشنووسەکە لەرێگەی نووسراوێکی وەزارەتی داراییەوە لە رێکەوتی 26ـی ئەیلوول بە شێوەیەکی کتوپڕ خراوەتە بەردەمیان.

ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری لە نووسراوەکەیدا کە پۆلێنی "زۆر بەپەلە"ـی پێدراوە، راسپاردەی ئەوەی داوە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، لەگەڵ رەچاوکردن و وەرگرتنی تێبینی و سەرنجەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئابووری لەسەر پڕۆژەیاساکە، بۆ ئەوەی رێکاری پێویستی لەبارەوە بگیرێتەبەر.

نوێ دەکرێتەوە..