بێگەرد تاڵەبانی: لە بەرهەمی پەلەوەردا ئاستی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخان و پێشکەوتنە بەرچاوەکانی کەرتی کشتوکاڵی لە کابینەی نۆیەمدا خستەڕوو و رایگەیاند: رێژەی رەخساندنی هەلی کار لەم کەرتەدا گەیشتووەتە 18% و ئاستی بەرهەمهێنانی خۆماڵی لە بەشێکی زۆری سێکتەرەکاندا گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی و هەناردەکردن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرنج و بایەخی سەرەکیی خۆی خستووەتە سەر پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بووژانەوەی گوندەکان و ژێرخانی ئابووریی وڵات؛ بە جۆرێک داتاکان لە سەرجەم سێکتەرەکاندا دڵخۆشکەرن و هەنگاوی کرداری بەرەو گەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان وەک "سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە" نراون، هەروەها تەنیا لەم کابینەیەدا رەخساندنی دەرفەتی کار لە کەرتی کشتوکاڵدا بە رێژەی 18% بەرزبووەتەوە.
لە درێژەی خستنەڕووی داتاکاندا، وەزیری کشتوکاڵ ئاستی پێوانەیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە بەرهەمە سەرەکییەکاندا ئاشکرا کرد و رایگەیاند: ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن سەوزە، نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن گەنم، یەک ملیۆن تۆن پەتاتە و 300 هەزار تۆن میوە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت.
هەروەها سەبارەت بە کەرتی سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا سەروو دوو هەزار پڕۆژەی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان هەن و لە بەرهەمی پەلەوەردا ئاستی خۆبژێویمان تێپەڕاندووە، ئەمەش وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی هەناردەکاری سەرەکیی بەرهەمە پەلەوەرییەکان.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بێگەرد تاڵەبانی بە رەخنەوە تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گوتی: لە دۆسیەی ئاڵۆگۆڕی کشتوکاڵیدا لەگەڵ عێراق وەکو دوو وڵات مامەڵە دەکەین؛ زۆرجار بەرهەمەکانی ئێمە لە بازگەکان رادەگیرێن و بە پێدانی پارە داخڵی بازاڕەکانی عێراق دەکرێن.
بێگەرد تاڵەبانی جەختی لەوەش کردەوە، هەموو ساڵێک جووتیارانی هەرێم لە وەرگرتنی شایستە دارایییەکان و رادەستکردنی گەنم لە لایەن بەغداوە رووبەڕووی زەرەر و زیان دەبنەوە، هەر بۆیە داوای کۆبوونەوەیەکی فەرمییان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کردووە بە مەبەستی داڕشتنی پلانێکی هاوبەشی چاندن و پێداگری لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی دەرەکی لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا.
سەبارەت بە دۆسیەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، وەزیری کشتوکاڵ هۆشداری دا، کە عێراق لە سەرووی ئەو پێنج وڵاتەی جیهانە کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنیی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵییان لەسەرە. لەم ڕوانگەیەشەوە، ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە خستەڕوو و ڕایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان 20 بەنداوی گرتووەتەبەر؛ لەم چوارچێوەیەدا و لە کابینەی نۆیەمدا هەشت بەنداو بە تەواوەتی کارەکانیان تەواو کراون و 12 بەنداوی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان".
هاوکات دووپاتیشی کردەوە کە ئەم هەوڵانە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لەپێناو پاراستنی ئاسایشی ئاو و خۆراک بۆ نەوەکانی داهاتوو.