رووبار رەشید گۆرانیی 'من ئازادم'ی بڵاوکردەوە

 رووبار رەشید، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "من ئازادم" بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ  بڵاوکردەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئەو بەرهەمەم لە رێگەی وشە و وێنەوە، باس لە ژیانی خۆم و چیرۆکی هەزاران کەس دەکات و سەرنج دەخاتە سەر ئازادیی ئافرەت و مافەکانی."

دووشەممە، 28ی ئەیلوولی2026، رووبار رەشید، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو بەرهەمە هونراوەکەی لەلایەن خۆمەوە نووسراوە و زانا عەبدوڵڵایی ئاوازەکەی بۆ داناوە و ئەردەلان غەریب دەرهێنانی کلیپەکەی کردووە و کاردین عەزیزیش مۆنتاژی بەرهەمەکەی ئەنجام داوە."

رووبار رەشید دەربارەی پەیامی گۆرانییەکە گوتی، "ئەو بەرهەمە نوێیەم، تەنیا گۆرانییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەنگدانەوەی چیرۆک و ئەزموونی ژیانی ئەو ژنانەیە کە لە ژیانی رۆژانەیاندا رووبەرووی کۆسپە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە. لە ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە دەنگی ئازادی و خواستی ژیان بە شێوەیەکی هونەری بگەیەنم."

رووبار رەشید جەختی لەوەش کردەوە، "من لەم کارەدا چیرۆکێکی تایبەتی بە چیرۆکێکی گشتی پەیوەست دەکەم؛ واتە ئەوەی لە ژیانی خۆم دا هەستم  پێکردووە، کردوومەتە دەقێک بۆ گوزارشتکردن لە هەست و ئەزموونی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگە. بەرهەمەکە لە سنووری چیرۆکی کەسێکی تاک تێدەپەڕێت و دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتی دەربارەی ئازادی و مافی ئافرەت."

رووبار رەشید کاکەیی، یەکەم خانمە گۆرانیبێژی کاکەییە، لە ساڵی 1987 لە شاری کەرکووک لە دایکبووە و لە ساڵی 2020ەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە. گۆرانی هاواری کاکەیی، یەکەم بەرهەمی هونەری بوو کە باسی لە کارەساتەکانی پێکهاتەی کاکەیی کرد."