نزیکەی 10 هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان لە هەژماری من تۆمار بکەن
وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەوە و بڕیاردراوە لە رێگای لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتەوە دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بکرێت بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، شیلان دۆسکی کورتەیەکی لەسەر دواین قۆناخەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و هەنگاوەکانی گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی دارایی خستەڕوو.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری دارایی و ئابووری تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی لە ماوەی رابردوودا لە بانکە ئەهلییەکان هەبووە کە پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بەفەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
هاوکات باس لەوەشکراوە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە ئاماژە بە دواین هەنگاوەکانی تۆمارکردن و سوودمەندانی پڕۆژەکە و دابین کردنی ئامێرەکانی راکێشانی پارە کرا کە نزیکەی 10هەزار مووچەخۆر ماون خۆیان تۆمار بکەن و زیاتر لە 750 ئامێری راکێشانی پارە دانراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا بە زووترین كات لە رێگای لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتەوە دەست بە هەنگاوەکانی گواستنەوەی پڕۆژەی هەژماری من بکرێت بۆ سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری.