لە دهۆک بەنزینخانەیەک بۆ ئافرەتان تەرخان دەکرێت

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئاشکرای دەکات، لەپێناو ئاسانکاریکردن بۆ شۆفێرانی ئافرەت، بڕیاریان داوە بەنزینخانەیەک تەنیا بۆ ئەوان تەرخان بکەن و سەرجەم رێکارەکانی پێشووش بۆ وەرگرتنی بەنزین لەوێ جێبەجێ دەکرێن.

کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لەپێناو ئاسانکاری بۆ شۆفێرانی ئافرەت بڕیاریان داوە لە رۆژی یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە، بەنزینخانەی (نۆرس لایت) تەنیا بۆ شۆفێرانی ئافرەت تەرخان بکەن.

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکار بن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی چاودێری، قایمقامیەتەکان و هێزەکانی ئاسایش. هاوکات ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی روودانی هەر سەرپێچییەک، شۆفێران دەتوانن لە رێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنانەی تایبەتن بە سکاڵا و لە هەموو بەنزینخانەکان دانراون، لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە.

لە کۆتاییدا کارزان رەئووف جەختی لەوە کردەوە، لەو بەنزینخانەیەشدا هەموو رێکارە نوێیەکان وەک سیستمی ژمارەی تاک و جووت و رۆژەکانی شایستەبوون بەردەوام دەبن و کاریان پێدەکرێت.

دابەشکردنی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە دهۆک، ماوەیەکە بەپێی سیستمی ژمارەی تاک و جووتی ئۆتۆمبێلەکان رێکخراوەتەوە. ئەم هەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی بەردەم بەنزینخانەکان و دابەشکردنی یەکسانی بەنزینی حکوومییە بەسەر شۆفێراندا. 

تەرخانکردنی بەنزینخانەی تایبەت بە ئافرەتانیش، وەک هەنگاوێکی کارگێڕییە بۆ پاراستنی مافی ئافرەتان و دوورخستنەوەیان لەو قەرەباڵخییەی زۆرجار لە بەردەم وێستگەکانی سووتەمەنیدا دروست دەبێت. پێشتریش لە چەند شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی هاوشێوە نراوە بۆ ئەوەی شۆفێرانی ئافرەت بە ئاسانی بەشە بەنزینی خۆیان وەربگرن.