لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمەریکا کاروانێکی نوێی دۆلار گەیشتە عێراق

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دراوی بیانی، کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش گەیشتە عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی (واع)ـی راگەیاندووە "رۆژی چوارشەممە 30ـی ئەیلوولی 2026، کاروانێکی نوێی دۆلاری نەختینە (کاش) گەیشتە عێراق."

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنانە دێت کە مەبەست لێیان دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هاتنی دراوی بیانی و پڕکردنەوەی پێداویستییە نەختینەییەکانە، بەگوێرەی سیاسەتە پەسندکراوەکان.

پێشتریش حەیدەر عەبوودی ئاشکرای کردبوو کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەیشتووەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەردەوامیی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ عێراق، بە شێوەیەک یارمەتیدەر بێت لە دابینکردنی پێداویستییە شەرعی و یاساییەکان لە دراوی بیانی.

هەروەها روونی کردەوە "ئەم لێکتێگەیشتنانە لەژێر رۆشنایی ئەو پێشکەوتنە دێن کە عێراق لە بواری بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار و ڕێکخستنی بەکارهێنانەکانیدا بەدەستی هێناوە، لەگەڵ سنووردارکردنی حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی دراوی بیانی، لە پاڵ فراوانکردنی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هەنگاونان بەرەو قۆناغی گواستنەوەی لەسەرخۆ بۆ ئابووریی دیجیتاڵی."