دەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە سپۆنسەریی میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت
شاری نیویۆرک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا میوانداریی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەکات کە بە سپۆنسەریی میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت؛ لە نێو 300 فیلمی پێشکەشکراو لە سەرتاسەری کوردستان و دیاسپۆرا، 30 فیلم هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لە ماوەی 6 رۆژدا بۆ بینەران نمایش بکرێن.
خەیاڵ قەرتاڵ، دامەزرێنەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە کوردستان24ی راگەیاند: "هۆکاری بەڕێوەبردنی ئەم فێستیڤاڵە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ناسنامەی کوردییەوە هەیە. ئێمە لە لانکەی شارستانییەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتووین و وەک یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە، چیرۆکێکی زۆرمان هەیە بۆ گێڕانەوە."
لە تەنیشت نمایشکردنی فیلمەکان، هەڵپەڕکێ، پۆشینی جلوبەرگی کوردی، گۆرانی و موزیکی رەسەنی کوردی رەنگ و جۆشخرۆشێکی تایبەتیان بە فێستیڤاڵەکە بەخشیوە. بەشداربووان لە کوردستان و وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە هاتوونەتە نیویۆرک تاوەکو پشتیوانی لە سینەمای کوردی بکەن.
پەیما، کە بەشداربوویەکی فێستیڤاڵەکەیە دەڵێت: "لە ئوسترالیاوە هاتوومەتە نیویۆرک بۆ پشتیوانیکردن لە فیلمە کوردییەکان. پێموایە پشتیوانیکردن لە سینەمای کوردی رێگەیەکی زۆر باشە بۆ ئاشناکردن و ناساندنی نەتەوەکەمان بە جیهان."
تۆمی، هاووڵاتییەکی ئەمریکی کە بە جلوبەرگی کوردییەوە بەشداریی لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو، ئاماژەی بەوە کرد: "لە کاتی گەشتکردنمدا بڕێک لەگەڵ کوردەکان ئاشنا بووم و لە هاویندا ماوەی 3 تا 4 مانگم لەگەڵیان بەسەربرد. زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم، چونکە کوردەکان لای من زۆر ئازیزن."
هاوکات فێستیڤاڵەکە دەرفەتێکی گرنگی بۆ دەرهێنەرانیش رەخساندووە؛ لەو بارەیەوە مەدیحە ئیبراهیم، دەرهێنەرێکی کوردی ئێزدی بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی بەشداریکردنم لەم فێستیڤاڵەدا، کەسانێکی زۆر لە سەرانسەری جیهانەوە بینەری فیلمەکەم بوون."
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە نیویۆرک بە یەکێک لە رووداوە رۆشنبیری و هونەرییە دیارەکانی کورد لە دیاسپۆرا دادەنرێت کە ساڵانە بە دەستپێشخەریی رێکخەران و رەسەنپەروەرانی کورد بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵەکە ئامانجیەتی لە رێگەی هونەری سینەماوە پردی پەیوەندی لە نێوان کولتووری کوردی و جیهانی رۆژئاوادا دروست بکات و سەکۆیەک بۆ دەرهێنەران و هونەرمەندانی کورد دابین بکات تاوەکو کێشە، مێژوو و ئەزموونە مرۆییەکانی گەلی کورد بە بینەرانی بیانی بناسێنن.