دهۆک.. فێستیڤاڵی ئەدەبیی کوردستانی گەورە بەڕێوەدەچێت
خولی چوارەمی فێستیڤاڵی ئەدەبیی کوردستانی گەورە، بەبەشداری ژمارەک نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەند، لە لقی دهۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بەڕێوەدەچێت.
شەممە، 3ـی 2026، رزگار چاوشین، سەرۆکی فێستیڤاڵی ئەدەبی کوردستانی گەورە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم فێستیڤاڵە بە مەبەستی کۆکردنەوەی نووسەر، شاعیر، هونەرمەند و چالاکانی بواری رۆشنبیری و ئەدەب، لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و کۆمەڵێک بەرنامەی ئەدەبی، هونەری و موزیکی لەخۆدەگرێت و ئامانج لە فێستیڤاڵەکە زیندووکردنەوەی بوارە ئەدەبی و رۆشنبیرییەکان و دروستکردنی دەرفەتێکە بۆ کۆبوونەوەی خاوەن بەرهەمەکان."
رزگار چاوشین سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە گوتی، "هەوڵمان داوە بەرنامەکە تەنیا بە یەک بوار سنووردار نەبێت، بۆیە لەگەڵ ئەدەب و شیعر، موزیک، خەڵاتدانان و رێزگرتن لە کەسایەتییە رۆشنبیری و هونەرییەکانیشمان لە بەرنامەکەدا جێگیر کردووە."
رزگار چاوشین باس لە بەشە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت: "یەکێک لە بەشە گرنگەکانی فیستیڤاڵەکە بەرگەی موزیکە، کە لەو بەشەدا رێز لە ژمارەیەک کەسایەتیی رۆشنبیری و هونەری دەگیرێت وەکو، ئەحمەد عەبدوڵڵا زەمو، زمانزان لە دهۆک، سەروەت میرانی ئاغا واحید بەگ، هەڵەقیر محەمەد محسن، بەرهەمهێنەری سینەمایی لە دهۆک، کارین شێخ سەلام لە سلێمانی و فەرەیدوون میر ئەحمەدی لە رۆژهەڵات."
سەرۆکی فێستیڤاڵەکە جەختی لەوەش کردەوە، "لە فیستیڤاڵەکەدا جۆرە جیاوازەکانی شیعر پێشکەش دەکرێن، لەوانە شیعری کلاسیکی عەرووزی، شیعری کلاسیکی خۆماڵی و شیعری ئازاد. هەروەها بەشێک بۆ شاعیران تەرخان کراوە و دەرفەت بۆ خوێندنەوە و پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان دەڕەخسێت."
رزگار چاوشین باس لە پێدانی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دەکات و دەڵێت: "لە کۆتایی بەشەکانی فیستیڤاڵەکەدا خەڵات بە کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکان و لایەنە بەشداربووەکان دەدرێت. هەروەها خەڵات بۆ ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندن تەرخان کراوە و سەرۆکی لێژنە ئەلەند مەزموورییە و ئەندامانی لێژنەش لە عەتیات کلاسیک و شەعبان سەلیم پێکهاتوون."
سەبارەت بە دابەشکردنی خەڵات بۆ چەندین کەسایەتی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە، رزگار چاوشین دەڵێت، "لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵات بۆ 36 بەشداربوو تەرخان کراوە و ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی رێز لە بەشداریی ئەو کەسانە بگیرێت کە لەم فێستیڤاڵەدا بە بەرهەم و توانای خۆیان بەشدار دەبن. هەروەها لە بەشەکانی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا، خەڵات پێشکەش بە رێکخراوی رۆشنبیری ئاڵا دەکەین و رێز لە بەشداربووان و کەسانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکە دەگرین، هەروەها خەڵات پێشکەش بە کەسانی دیاریکراو لە بواری ئەدەب و هونەر دەکەین."
رزگار چاوشین باسی لەوەش کرد، "ئێمە باوەڕمان وایە ئەدەب تەنیا لە نووسین و خوێندنەوەی کتێبدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامەی رۆشنبیریی کۆمەڵگە. بۆیە ویستمان فێستیڤاڵەکە بوارێک بێت بۆ ئەوەی شاعیران، نووسەر، هونەرمەند و چالاکانی بواری رۆشنبیری لە یەک شوێن کۆببنەوە و بەرهەم و ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکتر هاوبەش بکەن."
سەرۆکی فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش دا، "هیوادارین ئەم فێستیڤاڵە ببێتە دەرفەتێک بۆ پشتیوانی و بەهێزکردنی ئەدەب ورۆشنبیریی کوردی و هەروەها ببێتە شوێنێک کە خاوەن بەرهەمەکان تێیدا بتوانن بەرهەمەکانیان بناسێنن و لەگەڵ کەسانی دیکەی ئەم بوارەدا گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ئەزموون بکەن."
خولی چوارەمی فێستیڤاڵی ئەدەبیی کوردستانی گەورە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە لقی دهۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد بەڕێوەدەچێت.