لە هەولێر کۆنسێرتێکی تاکژەنی مۆسیقای کوردی بە ئامێری تار بەڕێوەدەچێت
لە هەولێر و لە فێرگەی فرەیمینگ، کۆنسێرتی تاکژەنی مۆسیقای کوردی بە ناونیشانی "خەزان" لەلایەن ئاوازدانەر دانا محێدین پێشکەش دەکرێت.
شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانا محێدین، ئاوازدانەر و ژەنیاری ئامێری تار بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بیرۆکەی سەرەکیی ئەم کارە هونەرییە لەسەر بنەمای دوو میلۆدیی کوردی، کرمانجی و هەورامی داڕێژراوە؛ دوو ئاواز کە وەک دەقی سەرەکی بۆ پێکهێنانی ئەم پڕۆژەیە هەڵبژێردراون و لە رێگەیەوە هەوڵم داوە جۆرێک لە گفتوگۆی مۆسیقی لەنێوان شێوەزارە جیاوازەکانی کوردی دروست بکەم".
محێدین سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە گوتی: "لە خەزاندا مامەڵەیەکی هونەری و ئەخلاقی لەگەڵ فۆلکلۆری کوردی دەکەم و ئاوازە فۆلکلۆرییەکانم بە شێوەیەک بەکارهێناوە کە هەوڵی پاراستنی ناسنامە و رەسەنایەتییانم داوە، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی شێواندراو لە بنەمای سەرەکییان دوور بخرێنەوە".
ئەو هونەرمەندە جەختیکردەوە: "ئەم کارە تەنیا پێکهاتەیەکی مۆسیقی نییە، بەڵکو لەسەر فکرو ئایدیایەکی دیاریکراو داڕێژراوە؛ بە سوودوەرگرتن لە مۆسیقای شێوەزارە جیاوازە کوردییەکان، هەوڵم داوە زمانی مۆسیقایەکی یەکگرتوو و هاوبەش دروست بکەم، زمانێک کە بتوانم جیاوازییە مۆسیقییەکان لە چوارچێوەی یەک بەرهەمی هونەریدا کۆبکەمەوە".
سەبارەت بە پێشکەشکردنی ئەو پڕۆژەیە لە دەرەوەی کوردستان، محێدین روونیکردەوە: "خەزانم پێشتر لە چەند شوێنێکی دەرەوەی کوردستان، لەوانە ئەڵمانیا و سویسرا، هەروەها لە سلێمانی و هەولێر پێشکەش کردووە و بەشێک لە ئەزموونی پێشکەشکردنی ئەم کارە لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان پێکدەهێنێت".
محێدین لە کۆتاییدا خستیەڕوو: "ئەو پڕۆژەیە تەنیا کۆنسێرتێکی مۆسیقا نییە، بەڵکو داڕشتنێکی هونەرییە کە هەوڵ دەدەم چیرۆکێک، هەستێک و بیرۆکەیەک بەبێ بەکارهێنانی وشە، لە رێگەی دەنگ و ئاوازەوە بگێڕمەوە. ئەم کۆنسێرتە دەکرێت وەک هەوڵێکی مۆسیقی بۆ نزیککردنەوەی جۆرەجۆری دەنگ و ئاوازە کوردییەکان لە یەکتر ببینرێت؛ ئەزموونێک کە لەبری گێڕانەوەی چیرۆک بە وشە، چیرۆک بە زمانی مۆسیقا دەگێڕمەوە".