کامەران عەلی: زیاتر لە هەزار قوتابی لە خوێندنی عەرەبی هاتوونەتە خوێندنی کوردی
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاشکرای دەکات؛ بەهۆی سەرکەوتنی قوتابیانی کورد و پاڵپشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی.
ئەمرۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە، لەگەڵ دڵسۆزیی مامۆستایان، خوێندنی کوردییان لە کەرکووک لەسەر پێی خۆی راگرتووە و وایان کردووە زمانی دایک لە پەرەسەندنی بەردەوامدا بێت، ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا خوێندنی کوردی لە قۆناخەکانی باخچەی ساوایان تا ئامادەیی، 562 قوتابخانە لەخۆ دەگرێت.
کامەران عەلی، تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی کەرتی پەروەردەی کوردی و گوتی "خوێندنی کوردی لە گەشەسەندندایە، قوتابیانی کورد لە کەرکووک و سەرانسەری عێراق لە ریزبەندی یەکەمەکانی سەر ئاستی وڵاتن، ئەمەش وایکردووە خێزانێکی زۆر منداڵەکانیان لە خوێندنی عەرەبییەوە بگوازنەوە بۆ خوێندنی کوردی"، ئاشکراشی کرد، لە دوو ساڵی رابردوودا، 2,250 قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە روویان لە خوێندنی کوردی کردووە؛ ساڵی رابردوو 1,200 قوتابی و ئەمساڵیش تا ئەمڕۆ 1,050 قوتابی گەڕاونەتەوە و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە بەبێ ئەو پشتیوانییانەی حکوومەتی هەرێم، بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە رووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەبووەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کامەران عەلی لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، مامۆستایان، سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرانی بە "پێشمەرگە ئاسا" وەسف کرد کە سەرباری ئاستەنگەکان، بە شێوەیەکی خۆنەویستانە لە هەموو وەرز و کاتەکاندا بەردەوام بوون لە خزمەتکردن و پۆلەکانیان بۆ منداڵی شەهیدان و پێشمەرگەکان جێنەهێشتووە. جەختیشی کردەوە کە خوێندنی کوردی بناخەیەکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی کۆمەڵگە، کە ئەمەش ئەرکێکی نیشتمانییە و تەنیا بە هەوڵی قوتابخانە نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە هاوکاریی هەمووان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، کامەران عەلی رەخنەی لە پەراوێزخستنی کەرتەکەیان گرت لە دوای ساڵی 2017ـەوە لەلایەن پارێزگارەکانی کەرکووکەوە کە هیچ ئاوڕێکیان لێ نەداونەتەوە. هاوکات داوای لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەردەوام بن لە پاڵپشتیی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئاوڕ لە ماف و ئیمتیازاتەکانیان بدەنەوە. هەروەها داواشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا کرد کە ئەوانەی لە پێشوودا پاڵپشت بوون، لەمەودوا بەکردەیی پشتیوانی خوێندنی کوردی بن و دەستی هاوکاری بۆ ئەم کەرتە درێژ بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەرەبەیانی زووەوە قوتابییانی کچ و کوڕی کورد لە کەرکووک بە ئاڵای کوردستانەوە چوونە قوتابخانەکان و ئەمساڵیش زیاتر لە هەزار قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە چوونەتە خوێندنی کوردی. زیاتر لە 104 هەزار قوتابی لەناو 562 قوتابخانە و باخچەدا لەلایەن هەشت هەزار و 200 مامۆستاوە پێشوازییان لێکرا و لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە ملیۆنێک و 200 هەزار کتێب و پێداویستییەکان دابینکراون.
پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق و ناوچە کوردستانییەوە 10 رۆژ دواکەوت و ئەمڕۆ دەرگای 124 هەزار قوتابخانە بە رووی 12 ملیۆن قوتابی کرایەوە.