فیلمی سینەمایی "باج" لە هۆڵەندا نمایش دەکرێت
فیلمی سینەمایی "باج"، لە سیناریۆ و دەرهێنانی دیاکۆ بایزە، کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، لە ئۆتریختی وڵاتی هۆڵەندا نمایش بکرێت.
یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، دیاکۆ بایز، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی سینەمایی "باج"، تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکی رووداوێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بینەر دەخاتە ناو جیهانێکەوە کە تێیدا هەر کارەکتەرێک روانگە و دیدێکی جیاوازی بۆ هەمان رووداو هەیە. فیلمەکە بە بەکارهێنانی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی پەیوەندیدار بە رووداوەکە، هەمان رووداو چەندین جار و لە چەندین روانگەی جیاوازەوە بۆ بینەر دەگێڕێتەوە."
دیاکۆ بایز سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "چیرۆکی فیلمەکە دەربارەی خێزانێکە کە دوای رووداوێکی ناخۆش و تراژیدی، ژیانی بە تەواوی دەگۆڕێت. باوکەکە کێشەی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەری هەیە، بەبێ ئەوەی بە تەواوی ئاگاداری ئەو رووداوانە بێت لەناو ماڵەکەیدا روودەدەن، خۆی دەخاتە ناو دۆخێکی ئاڵۆزەوە؛ بە تایبەتی لە دوای ئەوەی ئەو و هاوڕێیەکی تاوانبار دەبن بەوەی لە شەوێکدا بە ئۆتۆمبێلێکی زۆر خێرا کەوتوونەتە سەر کچێکی ئەو باوکە."
ئەو دەرهێنەرە جەختی کردەوە، "لەگەڵ پێشچوونی رووداوەکان، هەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەو رووداوە مامەڵە دەکات و هەر لایەنێک روانگەی خۆی بۆ راستییەکانی پشت ئەو رووداوە هەیە. ئەمەش وای کردووە چیرۆکی فیلمەکە بە شێوەیەکی هێواش و لە چەند ئاستێکدا بۆ بینەر ئاشکرا بکرێت."
دیاکۆ بایز باس لە نمایشکردنی ئەو فیلمە لە کوردستان دەکات و دەڵێت، "ئەو فیلمە سینەماییە پێشتر لە چەندین شار و ناوچەی کوردستان نمایش کراوە و لە چالاکی و بەرنامە سینەماییە جۆراوجۆرەکاندا بەشداریی کردووە. ئەو نمایشە ناوخۆییانە بوونە هەلێک بۆ ئەوەی فیلمەکە لەلایەن بینەرانی کوردستانەوە ببینرێت و چیرۆک و شێوازی جیاوازی گێڕانەوەکەی بگەیەنرێت."
فیلمی سینەمایی "باج"، لە سیناریۆ و دەرهێنانی دیاکۆ بایزە و هەر یەکە لە، رزگار باهیر، شایان کەیوان، رۆژان حەمە جەزا، کەنار سەرچڵ، یاسین عومەر، شەونم عەلی و ئیدریس رەشید، رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.