عێراق لە ساڵێکدا زیاتر لە 125 ملیۆن دۆلاری بە چای هیندی داوە

عێراق لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 125 ملیۆن دۆلاری تەنیا بۆ کڕینی چای هیندی خەرج کردووە، ئەمەش رەخنەی لێکەوتووەتەوە لە پشتگوێخستنی بەرهەمی ناوخۆیی و لاوازیی کەرتی پیشەسازیی خۆراک لە وڵاتەکەدا.

بەپێی بنکەی ئاماری "کۆمترەید"ـی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق بەهۆی پڕکردنەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی رۆژانەی خەڵکەوە، رووبەڕووی بەهەدەردانێکی گەورەی دراوی بیانی بووەتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە دا، عێراق لە ساڵی 2025، بڕی زیاتر لە 125 ملیۆن دۆلاری تەنیا بۆ هاوردەکردنی چا لە هیندستانەوە خەرج کردووە. ئەم پارە زۆرەش تەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی چای ماڵان و چایخانەکانی عێراق چووەتە دەرەوە.

ئەو بنکەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان، رەخنە لەو دۆخە دەگرێت و باس لەوە دەکات، جێگەی سەرسوڕمانە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک عێراق نەیتوانیوە پەرە بە کەرتی پیشەسازیی خۆراک و بەرهەمی ناوخۆیی بدات.

لە هەمان کاتدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەردەوام دەیان ملیۆن دۆلار لە گەنجینەی گشتییەوە بۆ جووتیار و وەبەرهێنەرانی بیانی دەنێردرێت، لە بەرانبەردا تواناکانی ناوخۆ بە تەواوی پشتگوێ خراون.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رێژەی بەکاربردنی چای هەیە لە جیهاندا و لە ریزبەندی نۆیەمین گەورەترین هاوردەکاری چایە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ساڵانە وڵاتەکە نزیکەی 68 هەزار تۆن چا بەکاردەهێنێت و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە دوای میسر و مەغریبەوە لە پلەی سێیەمدایە. 

جگە لە هیندستان، عێراق بڕێکی زۆر چا لە وڵاتانی دیکەی وەک سریلانکا، ڤێتنام و کینیاوە هاوردە دەکات.