گرفتار کاکەیی لە ئیتاڵیا بە کاریکاتێرێک بەشداری لە  پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیی دەکات

گرفتار کاکەیی، هونەرمەندی کاریکاتێرستی کورد، بە کارێکی هونەری لەسەر کەسایەتیی ناسراوی "پینیۆکیۆ"، بەشداریی لە خولی 50یەمینی پێشبڕکێ و پێشانگەی نێودەوڵەتیی "درۆ" دەکات، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026، لە گوندی لە پیاترە، لە ناوچەی پستۆیا لە هەرێمی تۆسکانی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت.

یەکشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2026، گرفتار کاکەیی، کاریکاتێرست و شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پێشانگەیە هونەرییە لەلایەن ئەکادیمیای درۆ و بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەکانی ناوچەکە رێکدەخرێت و بە ناوی "پێشبڕکێی ئیتاڵیی درۆ" ناسراوە. ئەم پێشبڕکێیە یەکێکە لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و هونەرییە کۆنەکانی ناوچەکە کە بەشێکی تایبەتی بۆ کاریکاتێر و هونەری وێنەیی هەیە. شارەوانی پستۆیاش ئەم چالاکییە وەک رووداوێکی ساڵانە لە گوندی لە پیاترە ناساندووە."

کاکەیی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پێشبڕکێکە گوتی، "پێشبڕکێی "درۆ" لە ساڵی 1966ەوە دەستی پێکردووە و بە تێپەڕبوونی ساڵان، لە کۆنتێکستییەکی ناوخۆییەوە گەشەی کردووە بۆ چالاکییەکی نێودەوڵەتی. بەشی گرافیکیی ئەم پێشبڕکێیە بەشداریی هونەرمەندانی وڵاتانی جیاواز لەخۆدەگرێت و کارە هەڵبژێردراوەکان لە چوارچێوەی پێشانگەکەدا بۆ بینەرانی پێشان دەدرێن."

سەبارەت بە پینیۆکیۆ لە ناوەندی بابەتی ئەمساڵی پێشبڕکێکەدا، گرفتار کاکەیی دەڵێت، "لە خولی 50یەمینی پێشبڕکێی "درۆ" لە ساڵی 2026دا، پینیۆکیۆ بووەتە ناوەندی بابەتی چالاکییەکە، بە تایبەتی بەبۆنەی یادکردنەوەی 200 ساڵ لە لەدایکبوونی کارلۆ لۆرێنتسینی، ناسراو بە کۆلۆدی، نووسەری چیرۆکی پینیۆکیۆ. لە بەشی گفتوگۆ و چیرۆکیشدا بەشداربووان بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەیان بە پینیۆکیۆ و هاوڕێکانی کردووە."

کاکەیی جەختی کردەوە، "من بۆ بەشداریکردنم لەم پێشبڕکێیە، کاریکاتێرێکی پینیۆکیۆم ئامادە کردووە و کارە هونەرییەکەم لە رێگەی ئیمەیڵەوە بۆ رێکخەرانی پێشبڕکێکە ناردووە. دوای هەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی کارەکە، کاریکاتێرەکەم لەگەڵ بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی دیکە لە پێشانگەکەدا دادەنرێت."

گرفتار کاکەیی باس لە گرنگیی بەشداریکردنی لەو پێشانگە نێودەوڵەتییە دەکات و دەڵێت، "بەشداریکردنم لەم جۆرە پێشبڕکێ و پێشانگە نێودەوڵەتییانەدا، بۆ هونەرمەندانی کاریکاتێر دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ژینگەیەکی هونەریی جیهانی پێشکەش بکەن و لەگەڵ کارەکانی هونەرمەندانی وڵاتانی جیاوازدا بخەنه‌ڕوو. هەروەها بەشداری لە پێشبڕکێکە تەنیا بە مەبەستی پیشاندانی کارەکان نییە، بەڵکو بەرهەمەکان لەلایەن لیژنەی هەڵسەنگاندنەوە دەبینرێن و بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی یەکەم تا سێیەم هەڵدەسەنگێندرێن."

کاکەیی باسی لەوەش کرد، "بەپێی ڕێنمایی بەشی کاریکاتێری پێشبڕکێکە، سێ کارە سەرەکییەکە خەڵاتی زێڕ، زیو و برۆنز وەردەگرن؛ ئەمەش بە ناوی تایبەتی خەڵاتەکانی پێشبڕکێکە ناسراوە. لە خولەکانی  پێشوودا کارە خەڵات‌ وەرگرتووەکان و هەندێک لە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان لە ماڵپەڕی پێشبڕکێکە و لە پێشانگەکانی چالاکییەکەدا پێشکەش کراون."

سەبارەت بە بەدەستهێنانی خەڵاتەکان لە پێشبڕکێکەدا، کاکەیی دەڵێت، "بەڵام ئەگەر کاری هونەرمەندێک هیچ یەکێک لە پلەکانی یەکەم، دووەم یان سێیەم بەدەست نەهێنێت، ئەمە بە مانای نەبوونی بەشدارییەکەی نییە؛ بەڵکو کارە پەسەندکراوەکان لە پێشانگەکەدا پیشان دەدرێن و هونەرمەندانی بەشداربوو بڕوانامەی بەشداری وەردەگرن."

گرفتار کاکەیی ئاماژەی بەوەش دا، "بەشداریی من لەم پێشانگە و پێشبڕکێیەدا، جگە لەوەی دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی توانای هونەریی خۆم، هەروەها کارێکی کاریکاتێریی کوردییە کە لە ژینگەی هونەرییەکی نێودەوڵەتیدا دەخرێتە بەردەم بینەرانی وڵاتێکی ئەورووپی. کارەکەم کە بە کەسایەتیی پینیۆکیۆ پەیوەندیدارە، لەگەڵ بەرهەمەکانی هونەرمەندانی کاریکاتێری لە وڵاتانی جیاوازدا لە پێشانگەکەدا دەردەکەوێت."

گرفتار کاکەیی، کاریکاتێرست و شێوەکار، لە 1967 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، خولیای هونەر و وێنەکێشان دەبێت و دەیەوێت بچێتە هونەرە جوانەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی بۆیە وەرنەگیراوە و بەو هۆیەوە بایەخی بە خوێندن نەدا و دوور کەوتەوە لە خوێندن. ساڵی 1991 کەرکووک بەجێ دەهێڵێت دەچێتە هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە کارمەندی وەزارەتی رۆشنبیریی. دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 دەگەڕێتەوە کەرکووک، ساڵی 2015 کوردستان جێ دەهێڵێت و روو دەکاتە هەندەران و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت، جگە لە هونەری شێوەکاری، شارەزایی لە موزیکدا هەیە و ژەنیاری ئامێری بزق و عوودە، تا ئێستا ئاوازی بۆ چوار گۆرانی داناوە و سێیان بۆ منداڵانە.