دهۆک میوانداریی چوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی کوردستانی کرد
چوارەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی کوردستان بە سەرپەرشتیی پارێزگاری دهۆک، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەر و یەکێتیی نووسەران لە دهۆک سازکرا.
لە چالاکییەکەدا 35 شاعیر لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە بەرهەمەکانیان بەشدارییان کرد. دوای هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان لەلایەن لێژنەی تایبەتمەندەوە، ژمارەیەک هۆنراوە گەیشتنە قۆناخی کۆتایی.
ئەم فێستیڤاڵە لە رووی ئەدەبییەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە و دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی هزر و بۆچوونی شاعیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەلەند مزووری، رێکخەری فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەم فێستیڤاڵە چالاکییەکی ساڵانەیە و لە ساڵانی رابردوودا لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەچووە و ئەمساڵ دهۆک میوانداریی کردووە.
مزووری روونیکردەوە، فێستیڤاڵەکە بەتایبەت بۆ هۆنراوە تەرخانکراوە و تێیدا سێ باشترین هۆنراوە لە ئاستەکانی کلاسیکی ئاڵۆز، کلاسیکی خۆماڵی و شیعری ئازاد هەڵدەبژێردرێن.