عێراق سێ تریلیۆن دینار بۆ بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری تەرخان دەکات
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چالاککردنی بازاڕ و بووژاندنەوەی جموجۆڵی ئابووریی کرد، کە تێیدا وەزیری دارایی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران، ژمارەیەک راوێژکار، بەڕێوەبەرانی گشتیی بانکە حکوومییەکان و نوێنەرانی بانکە ئەهلییەکان بەشداربوون.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی چەند دەسپێشخەری و رێوشوێنێکی ئامانجدار بوو بەمەبەستی بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی بانکی لە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییە پیشەسازی و وەبەرهێنانەکان. بەشداربووان ڕێگەکانی بووژاندنەوەی کەرتە ئابوورییەکانیان (بەتاتایبەت پیشەسازی، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، دروستکردنی خانوو، گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان) خستە بەرباس، و جەختیان لەسەر دابینکردنی دارایی پێویست بۆ پڕۆژەکان کردەوە، بەجۆرێک خزمەت بە گەشەی جموجۆڵی ئابووری، پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا دەستبەجێ بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن، کە ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن:
کەرتی نیشتەجێبوون: ئاراستەکردنی دەسپێشخەرییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کەرتی خانووبەرە و نیشتەجێبوون بە بڕی یەک تریلیۆن دینار، بە ئامانجی چالاککردنی ئەم کەرتە و ئەو بوارە ئابوورییانەی پەیوەستن پێوەی.
پشتیوانیی پیشەسازی: زیادکردنی نەختینەی بەردەست بۆ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی پیشەسازی بە بڕی یەک تریلیۆن دیناری دیکە، بەمەبەستی تەرخانکردنی بۆ دارایی پڕۆژە پیشەسازییەکان و پشتگیریکردنی چالاکییە بەرهەمهێنەرەکان.
شایستەی بەڵێندەران: وەزارەتی دارایی بڕی 500 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی بەڵێندەران خەرج دەکات، کە کاریگەریی دەبێت لە بەهێزکردنی نەختینەی کۆمپانیاکان و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.
شایستەی جووتیاران: خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران بە بڕی 500 ملیار دینار، بەمەبەستی پشتگیریکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بووژاندنەوەی چالاکییە ئابوورییەکانی ئەم کەرتە.
سندوقی نەوەکان: بەهێزکردنی دەسپێشخەریی سندوقی نەوەکان بە بڕی 500 ملیار دیناری دیکە، کە دەخرێتە سەر پاشەکەوتی ئێستای سندوقەکە بە بڕی 1 تریلیۆن دینار، بەجۆرێک توانای دارایی سندوقەکە بۆ پڕۆژە ئامانجدارەکان زیاتر بکات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، عەلی فالح زەیدی جەختیکردەوە سەر گرنگیی خێراکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و گۆڕینی دەسپێشخەرییە داراییەکان بۆ رێوشوێنی کردەیی، کە راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر جموجۆڵی بازاڕدا هەبێت. هەروەها چاودێریکردنی جێبەجێکردن و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی دارایی، بانکی ناوەندی، بانکەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، بانکی ناوەندیی عێراق ئامادەییی خۆی بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیریی کاری بانکی و دابینکردنی ژینگەی نەختینەیی و دارایی دەربڕی، کە پشتگیریی چالاکییە ئابوورییەکان دەکات لە چوارچێوەی سیاسەتی نەختینەیی پەسەندکراودا، بەجۆرێک خزمەت بە گەشەپێدان و سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی لە عێراق بکات.