کەمال محەمەد کۆنسێرتێکی خێرخوازیی لە هەولێر ساز دەکات
هونەرمەندی ناسراوی کورد کەمال محەمەد، بە هاوکاری و بەشداریی ژمارەیەک لە موزیکژەنی بەتوانا، کۆنسێرتێکی خێرخوازیی لە هەولێر ساز دەکات، کە تەواوی داهاتی فرۆشتنی بلیتەکانی تەرخان دەکرێت بۆ پشتگیریکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە.
دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، سەردار قادر، یەکێک لە ئەندامانی سەرپەرشتیکردنی ئەو کۆنسێرتە بە کوردستان24ی راگەیاند، "یەکێک لە رەهەندە هەرە بەرز و جوانەکانی ئەم چالاکییە ئەوەیە کە کەمال محەمەد و تەواوی موزیکژەنانی کۆنسێرتەکە بە شێوازێکی تەواو خۆبەخشانە بەشدار بوون؛ هیچ کام لە هونەرمەندان هیچ بڕە پارەیەک بۆ خۆیان وەرناگرن، تاوەکو تێکڕای داهاتی ئەم کۆنسێرتە بەبێ کەموکوڕی بچێتەوە خزمەت دابینکردنی دەرمان و هاوکاریکردنی ئازارچێژانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی."
سەردار قادر سەبارەت بە گرنگیی کۆنسێرتەکە و رۆڵی ئامادەبوونی جەماوەر گوتی، "سازکردنی ئەم جۆرە کۆنسێرتە خێرخوازییانە لە رووی کۆمەڵایەتی و هونەرییەوە سەلمێنەری ئەوەیە کە هونەر تەنیا بۆ کات بەسەربردن و چێژی گوێگرتن نییە، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزی هاوسۆزی و مرۆڤدۆستییە و دەتوانێت ئازارەکانی کۆمەڵگە کەم بکاتەوە.
سەردار قادر جەختی کردەوە، "ئامادەبوونی هاووڵاتییان و جەماوەری هونەردۆست لە هۆڵەکەدا، تەنیا کڕینی بلیتێک یان ئامادەبوون لە دانیشتنێکی موزیکیدا نییە، بەڵکو هاوبەشیکردنێکی راستەوخۆیە لە رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکاندا. هەموو بلیتێک کە هاووڵاتییەک دەیکڕێت، دەبێتە گوژمەیەک هیوا و خەندە بۆ سەر لێوی منداڵێک یان نەخۆشێک کە لەسەر تەختی نەخۆشخانە جەنگ لەگەڵ نەخۆشییەکی سەختدا دەکات."
سەبارەت بە پێشوازیی جەماوەری و شەفافییەت لە داهاتەکەیدا، سەردار قادر دەڵێت، "ئامادەکارییەکان و فرۆشتنی بلیتەکان پێشوازییەکی بێوێنەی جەماوەرییان لەلایەن خەڵکی هەولێر و دەوروبەری لێکەوتووەتەوە و زۆربەی بلیتەکان فرۆشراون. هەروەها دوای کۆتاییهاتنی کۆنسێرتەکە، لە ماوەی دوو رۆژدا تێکڕای داهاتی بلیتە فرۆشراوەکان کۆدەکرێتەوە و لە رێگەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی فەرمی و بە شەفافییەتی تەواوەوە کۆی گشتیی پارەکە بە راگەیاندنەکان رادەگەیەنرێت و رادەستی کارگێڕی نەخۆشخانەی نانەکەلی دەکرێت."
کۆنسترتی خێرخوازیی کەمال محەمەد، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، لە هەولێر لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.