هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی هێلکەی تروکاندن گەیشتووەتە ئاستی خودبژێوی
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە بەرهەمهێنانی هێلکەی تروکاندندا گەیشتوونەتە قۆناخی پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستیی ناوخۆ و خودبژێوی.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ساڵی 2019 لە هەرێمی کوردستان تەنیا 17 پڕۆژەی دایکانە هەبوون کە توانای بەرهەمهێنانیان ساڵانە 103 ملیۆن هێلکە بوو، بەڵام لە ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی پڕۆژەکان بۆ 27 پڕۆژە زیادکراون. هاوکات توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە لە 103 ملیۆنەوە بەرز بووەتەوە بۆ 220 ملیۆن و 548 هەزار هێلکەی تروکاندن. ئەمەش لە کاتێکدایە پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان 190 بۆ 200 ملیۆن هێلکەدایە، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنان لە خواستی ناوخۆیی زیاتر بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ روونیکردەوە،، پڕۆژەکانی دایکانە پایەی سەرەکی و بناغەی پیشەسازیی پەلەوەرن لە سەرانسەری جیهاندا، چونکە هێلکە و جووچکە بۆ کێڵگەکانی پەلەوەری گۆشت دابین دەکەن. وەک رایگەیاند، ئێستا بازنەی پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بازنەیەکی تەواو و پێشکەوتووە، بە جۆرێک لە پڕۆژەی نەژادەوە بۆ پڕۆژەی دایکانە، پەلەوەری گۆشت، هەڵهێنەرەکان، کارگەکانی ئالیک و سەربڕینخانەکان، تەواوی پرۆسەکە لەناوخۆی هەرێم جێبەجێ دەکرێت و پێویستی بە هاوردەکردنی دەرەکی نەماوە.
فیراس سدیق راشیگەیاند، بەهۆی بوونی ئەم زنجیرە بەرهەمهێنانە تۆکمەیە، تەنانەت لە ئەگەری داخستنی سنوورەکانیشدا، تەنیا بە هێنانی چەند کارتۆنێکی کەمی هێلکەی نەژاد دەتوانرێت تەواوی بازنەی بەرهەمهێنانی پەلەوەر لە هەرێمدا بەگەڕ بخرێت و بەردەوامی بە دابینکردنی گۆشت و بەرهەمە پەلەوەرییەکان لە ناوخۆدا بدرێت.