کوردستان24 وەک یەکەم میدیای عێراق ناوەرۆکی رەشنووسی بودجەی 2027 بڵاو دەکاتەوە
بڕیارە بەم نزیکانە، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەگوێرەی رەشنووسێک کە دەست کوردستان24 کەوتووە، خەرجییەکان بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکان بە 174ترلیۆن دینار خەملێنراوە، بەمەش کورتهێنانی دارایی دەگاتە 43 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 19.8%ـی کۆی خەرجییەکان، جگە لەوەی بەپێی ئەم رەشنووسە کورتهێنان لە دوو ساڵی رابردوو کەمترە، پشکی هەرێـمی کوردستان لە ساڵی 2023 کەمترە و نرخی دۆلار بە هەزار و 500 دینار دیاریکراوە. بەڵام هیچ دامەزراندن و بودجەیەک جگە لە بودجەی تەشغیلی بۆ هەرێـمی کوردستان دیاری نەکراوە. پێشبینی ئەوەش کراوە نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە خوار 60 دۆلار.
پوختەی خەرجی و کورتهێنان لە پڕۆژەیاسای بودجە بەم شێوەیە دیاری کراوە: خەرجییەکان بە 217.239 ترلیۆن دینار و داهاتەکان بە 174.234 ترلیۆن دینار، کورتهێنانی دارایی دەگاتە 43 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 19.8%ـی کۆی خەرجییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کورتهێنانی ساڵی 2023 بریتی بوو لە 64.357 ترلیۆن دینار (32.3%) و بۆ ساڵی 2021 بریتی بوو لە 28.673 ترلیۆن دینار (22.1%). هۆکاری کەمبوونەوەی کورتهێنان لە پڕۆژەکەدا بۆ بەرزبوونەوەی داهاتەکان دەگەڕێتەوە نەک کەمکردنەوەی خەرجییەکان، چونکە خەرجییەکان 9.2% و داهاتەکان 29.5% بەراورد بە ساڵی 2023 زیادیان کردووە. داهاتی نەوت زیادی کردووە کە بە 27.468 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە: زیادکردنی هەناردەی نەوت بۆ 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، دانانی بڕگەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو بە پاڵاوگەکان بە بڕی 17 ترلیۆن دینار و بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بۆ 1500 دینار لەبری 1300 دینار، لەگەڵ کەمکردنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لە 70 دۆلارەوە بۆ 58 دۆلار.
دابەزاندنی بەهای دینار پارەیەکی باش بۆ حکوومەت دەگەڕێنێتەوە، پەسەندکردنی نرخی 1500 دینار لە بری 1300 دینار، بڕی 19.203 ترلیۆن دینار دەخاتە سەر داهاتە نەوتییەکان، کە 16.936 ترلیۆن دیناری بۆ نەوتی خاو و 2.267 ترلیۆن دیناری بۆ پاڵاوگەکانە. ئەگەر خەرجییەکان وەک خۆیان بمێننەوە و نرخەکە لەسەر بنەمای 1300 دینار ئەژمار بکرێت، ئەوا کورتهێنانی بودجە دەگاتە 62.208 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە 28.6%ـی کۆی خەرجییەکان.
ەبارەت پاڵاوگەکان، داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ پاڵاوگەکان دەگاتە 17 ترلیۆن دینار، کە دەکاتە 9.8%ـی کۆی گشتیی داهاتەکان. ئەمەش بە هەژمارکردنی نرخێکە کە 40 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک بە تێکڕای 776 هەزار و 256 بەرمیل لە رۆژێکدا. ئەم بڕە بەشێوەیەکی ژمێرکاری لە دابەشکردنی 17 ترلیۆن دینار بەسەر نرخ و بەهای ئاڵوگۆڕی دراو و ژمارەی رۆژانی ساڵدا دەستدەکەوێت، کە دەکاتە 776 هەزار و 255.7 بەرمیل. ئەم بڕگەیە لە خشتەکانی ساڵانی 2021 و 2023 دا نییە.
داهاتە نانەوتییەکان گەیشتووەتە 29.514 ترلیۆن دینار، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2023 رێژەی 70.6%ـی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ پشکی قازانجی کەرتی گشتی بە بڕی 4.224 ترلیۆن دینار، داهاتەکانی دیکە بە بڕی 3.738 ترلیۆن دینار، و باجی سەر کاڵاکان بە بڕی 3.186 ترلیۆن دینار زیادی کردووە. لە بەرامبەردا، باجی سەر داهات و سامان بۆ 5.703 ترلیۆن دینار دابەزیوە، کە ئەمەش رێژەی 10.3% بەراورد بە ساڵی 2023 و 38.9% بەراورد بە ساڵی 2021 کەمی کردووە. بەم پێیە بێت نەوت 83.1%ـی کۆی داهاتەکان پێکدەهێنێت.
سەبارەت بە خەرجییەکان کە ژمارەیان زۆرە، دیارترینیان ئەمانەن کە بۆ فەمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش گرنگە:
قەرەبووی فەرمانبەرانە کە بە بڕی 8.951 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە و لە 59.174 تریلیۆن دینارەوە گەیشتووەتە 68.125 تریلیۆن دینار واتا 31.4%. بەڵام دیارینەکراوە ئایا ئەم قەرەبووە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یاخود نا، چونکە لە پشکی هەرێمی کوردستان باسی ئەم بڕگەیە نەکراوە. هاوکات خەرجییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی بە بڕی 8.329 تریلیۆن دینار زیادی کردووە و لە 24.703 تریلیۆن دینارەوە بۆ 33.032 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
هاوکات خزمەتگوزاریی قەرز بە بڕی 4.264 تریلیۆن دینار و تێچووی کاڵاکان بە بڕی 14.093 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک خەرجیی تێچووی کاڵاکان لە 12.344 تریلیۆن دینارەوە گەیشتووەتە 26.437 تریلیۆن دینار.
خەرجیی وەبەرهێنان بە بڕی 6.356 تریلیۆن دینار دابەزیوە و لە 54.253 تریلیۆن دینارەوە بۆ 47.897 تریلیۆن دینار کەمبووەتەوە. هەروەها خەرجیی بەخشین و هاوکارییەکان بە بڕی 5.609 تریلیۆن دینار کەمی کردووە و لە 24.486 تریلیۆن دینارەوە بۆ 18.877 تریلیۆن دینار دابەزیووە.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، تەنیا بودجەی تەشغیلی نووسراوە کە ئەویش کەمترە لەوەی بەشی تەواوی مووچە بکات و کەمترینی پێنج ساڵی ڕابردووە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا 13.308 ترلیۆن دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو بڕە لە ساڵی 2023ـدا 16.498 ترلیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی 19.3% کەمی کردووە. هەروەها لە ساڵی 2021ـدا 11.482 ترلیۆن دینار بووە.
رێژەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان 6.1%ـە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023ـدا 8.3% و لە ساڵی 2021ـدا 8.8% بووە. سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنان، بڕەکەی 0.499 ترلیۆن دینارە، بەرامبەر بە 2.784 ترلیۆن دینار لە ساڵی رابردوودا. هاوکات بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکاندا جێگیر کراوە، وەک ساڵی 2023 بە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا ماوەتەوە، هەر چەندە لە دوای هێرشەکانەوە ئەو بڕە نەوتە لە هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت.
هاوکێشەی زیادبوونی داهات، کەمبوونەوەی و گۆڕانکاری لە کورتهێنان بەم شێوەیەیە: هەر دۆلارێک لە نرخی بەرمیلێک نەوت زیاد بکات، بە 2.190 ترلیۆن دینار زیاد دەکات.، هەروەها هەر 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا یەکسانە بە 3.176 ترلیۆن دینار و هەر 100 دینار لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراودا یەکسانە بە 9.601 ترلیۆن دینار. نرخی هاوسەنگی کە سەرجەم خەرجییەکان دادەپۆشێت، بریتییە لە 77.64 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە کاتی دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ بە 1500 دینار، هەروەها 90.78 دۆلارە لە کاتی دیاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ بە 1300 دینار. لە بەرامبەردا، ئەو نرخە بۆ بودجەی ساڵی 2023 گەیشتبووە 108.75 دۆلار و بۆ بودجەی ساڵی 2021 بریتی بووە لە 61.67 دۆلار، بە هەمان شێوەی پێوانەکردن.








