لە تورکیا بە چەقۆ هێرش کرایە سەر ژمارەیەک قوتابی
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، قوتابخانەیەکی ناوەندی لە ناوچەی باشاکشەهیر لە ئیستانبوڵ، ژمارەیەک قوتابی بە چەقۆ بریندار بوون و برینی هەندێکیان سەختە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، 7 قوتابی لەو رووداوەدا بریندار بوون کە لە قوتابخانەی ‘شێخ شامل ئیمام خەتیب’ لە گەڕەکی کایاشەهیری باشاکشەهیر روویداوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، برینی 3 لە قوتابییەکان سەختە.
سەبارەت بە هێرشبەرەکە، ئاماژەیان بەوە کردووە گومانلێکراوەکە قوتابییەکی تەمەن 15 ساڵە و لە قوتابخانەیەکی دیکە دەخوێنێت، ئەو بە چەقۆیەکەوە چووەتە ناو قوتابخانەکە و هێرشی کردووەتە سەر ژمارەیەک قوتابی، تا ئەو کاتەی کارمەندێکی ئەمنی قوتابخانەکە توانیویەتی کۆنترۆڵی بکات و رادەستی پۆلیسی بکات.
دوای رووداوەکە، بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کران. بەرپرسانی تورکیا لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری و کارگێڕییان بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و وردەکارییەکانی رووداوەکە دەستپێکردووە.
هاوکات بەرپرسانی ئەو وڵاتە بڕیاریان داوە تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەکرێن، بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەک لەسەر رووداوەکە قەدەخە بکرێت.