رۆمی هەرکی گۆرانیی "ریبارۆ"ی بڵاوکردەوە

رۆمی هەرکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "ریبارۆ"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

سێشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2026، رۆمی هەرکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم بەرهەمە نوێیەم تێکستەکەی فۆلکلۆری رەسەنی کوردییە بە شێوازێکی موزیکی مۆدێرن داڕێژراوەتەوە. کاری وێنەگرتنی ڤیدیۆ کلیپەکە لە سروشتی دڵڕفێنی باکووری کوردستان و بە هاوکاری بەرهەمهێنانی یەکسیڤ جێبەجێ کراوە، هەروەها کاری تۆمارکردنی دەنگی گۆرانییەکە لە وڵاتی ئەڵمانیا لەلایەن رێناس میران ئەنجام دراوە."

 رۆمی هەرکی سەبارەت بە بەرهەمە نوێیەکەی گوتی، "هیوادارم ئەو بەرهەمە نوێیەم ببێتە جێی رەزامەندی هەوادارانم و سوپاسی خۆم ئاراستەی جەماوەر و گوێگرە ئازیزەکانم دەکەم بۆ پێشوازیی و پشتگیرییە بەردەوامەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە نوێیەم."

رۆمی هەرکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی گۆرانی و مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی و بەشداری لە ئاهەنگ و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات. ناوبراو خاوەنی چەندین بەرهەمی تۆمارکراوی ڤیدیۆیی و گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.