واژۆ لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کرا
وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، بەهۆی تەواوبوونی دەوامی فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، سبەی تەمویلی مووچەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵ.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاندبوو، ئەمڕۆ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەم، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق کرا.