هاڕەی بەهای دینار پەرلەمانی عێراقی هەژاند
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ناڕەزایەتی توندی خۆیان بەرامبەر بە هەوڵەکانی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەربڕی و جەختیانکردەوە، لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا دەنگ بە هیچ پڕۆژەیاسایەک نادەن نرخەکە بەرزبکاتەوە و بە هەموو شێوازێک دژی دەوەستنەوە.
چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هۆشدارییان دا، بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار جۆرێکە لە قۆرخکاریی بازاڕ و راستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی بەرچاوی نرخ و کەلوپەل و کاڵا سەرەکییەکان. هاوکات داوایان لە حکوومەت کرد بارودۆخی دارایی و ژیانی خەڵک رەچاو بکات، چونکە ئەم بڕیارە راستەوخۆ پەیوەستە بە بژێوی و گیرفانی هاووڵاتییانەوە، و لە کۆتاییدا هەر خەڵکی کەمدرامەت باجی ئەو گرانبوونە دەدەن.
لە بەشێکی دیکەی هەڵوێستەکەیاندا، نوێنەرانی پەرلەمان داوایان کرد حکوومەت چاودێرییەکی توند بەسەر بازرگاناندا بسەپێنێت و روونیانکردەوە، بازرگانان لە دەرەوە کاڵا بە دۆلاری فەرمی دەکڕن کە بەهای هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام لە کاتی ساغکردنەوەی لە بازاڕەکانی ناوخۆدا، نرخەکان لەسەر بنەمای 185 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک هەژمار دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارانە رایانگەیاند، ئەم رەفتارەی بازرگانان زیانێکی دووسەرە بە ئابووریی وڵات و گیرفانی هاووڵاتییان دەگەیەنێت، لە کاتێکدا خۆیان دووجار قازانج دەکەن: جارێک لە کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان و جارێکی دیکەش لە جیاوازیی نرخی فەرمی و نافەرمیی دۆلار بەرامبەر بە دینار.