بانکی ناوەندیی عێراق: بە ناچاری بەهای دۆلارمان بۆ چارەی کورتهێنانی بودجە بەرزکردەوە

 بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دەستکاریکردنی بەهای ئاڵوگۆڕی دراو، رێکارێکی خۆپارێزیی نائاسایی بووە بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی بوجە و پاراستنی سەقامگیریی دارایی دەوڵەت، هاوکات دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی عیراقییە روونیکردەوە، عێراق بە دۆخێکی نائاسایی و هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و پاشەکشەی هەناردەکردنی نەوت کە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتەکان. رایگەیاند، پێشتر حکوومەت پشتی بە قەرزی بانکی ناوەندی دەبەست، ئەمەش مەترسیی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی لێ دەکەوتەوە، بۆیە پێویست بوو بارودۆخی دارایی بە رژدی تاوتوێ بکرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی رایگەیاند، بڕیاری گۆڕینی بەهای ئاڵوگۆڕ سەرەڕای لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی، بۆ ئەوە بووە رێگری لە زیانی گەورەتر بکرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخەکە بەو شێوەیە رووی دەدا.

سەبارەت بە کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر بازاڕی ناوخۆ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، باسی لەوە کرد پیشەسازیی نیشتمانی لە قۆناخی رابردوودا بەهۆی هاوردەکردنی کاڵای هەرزانەوە زیانی بەرکەوتبوو، بەڵام ئەم بڕیارە هاوکار دەبێت لە بووژانەوەی بەرهەمی ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەلوپەلی هاوردەکراو.

دەربارەی جیاوازیی نێوان بەهای فەرمی و بەهای بازاڕ، حەیدەر غازی روونیکردەوە، ئەم کەلێنە پەیوەندی بەو مامەڵە بازرگانییانەوە هەیە لە دەرەوەی رێکار و چوارچێوە فەرمییەکان دەکرێن، زۆرجار کڕینی دۆلار لە بازاڕ بۆ هاوردەکردنی ئەو کەلوپەلانەیە بە رێکارەکانی گومرگ و باج و پشکنینی فەرمیدا تێناپەڕن. هاوکات جەختی کردەوە حکوومەت لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و توندکردنەوەی پشکنینەکان تا کاڵاکان لە رێگەی رێڕەوە فەرمی و یاساییەکانەوە هاوردە بکرێن.