لە سلێمانی شانۆگەری "فرمێسکی پەپوولەکان" نمایش دەکرێت

شانۆگەری "فرمێسکی پەپوولەکان"، لە دەرهێنانی رووبار مارسیدس و دونیا ساڵحە و لە چیرۆکی پیرە پەپولەکانی ئێوارانی شێرزاد حەسەن وەرگیراوە، لە ماڵی ئەحەی کوڕنوو لە سلێمانی نمایش دەکرێت.

چوارشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2026، دونیا ساڵح، دەرهێنەری هاوبەشی ئەو نمایشە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم شانۆییە لە خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگەی کوردی هەڵقوڵاوە، هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی ئازار و برینە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر شانۆ، بەو ئامانجەی بینەر بتوانێت خۆی و ئەزموون و ئازارەکانی لە رووداوەکانی نمایشەکەدا ببینێتەوە."

دونیا سەبارەت بە بیرۆکەی بەرهەمهێنانی شانۆگەرییەکە گوتی، "بیرۆکەی بەرهەمهێنانی ئەم شانۆییە لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان سەریهەڵداوە؛ کاتێک تیمی شانۆییەکە لە ماوەی 25ی نیسان تا 4ی ئایاری 2025، بە میوانداری لە فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد بەشدارییان کردووە. لەو گەشتەدا، کە بەشداریی کەسایەتییە رۆشنبیری و هونەرییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستانی تێدا بووە، بەشداربووان دەرفەتیان بۆ بینینی نمایشە شانۆییە جیاوازەکان بە زمان و شێوازە کوردییە جیاوازەکان، بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکان و سەردانکردنی ماڵە کولتوورییەکانی ئامەد رەخساندووە."

دونیا ساڵح سەبارەت بەو کۆبوونەوە و دیدارانە جەختی کردەوە، "ئەو کۆبوونەوەیە و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندان و رۆشنبیرانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان، بووەتە هۆی ئەوەی بیرۆکەی کارکردن لەسەر شانۆی "فرمێسکی پەپوولەکان"، لەنێوان رووبار و مندا بخوڵقێت و دواتر ببێتە پڕۆژەیەکی هونەری."

سەبارەت بە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەو بەرهەمە، دونیا ساڵح دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم بەرهەمە، شوێنی نمایشکردنیەتی؛ ماڵەکەی ئەحەی کوڕنوو، کە بەشێکە لە یادەوەرییە دێرینەکانی شاری سلێمانی و پەیوەندییەکی نزیکی بە مێژوو و هونەر و کولتوور و رۆشنبیریی کوردییەوە هەیە، بەکارهێنانی ئەم شوێنە، لەگەڵ دەق و ناوەڕۆکی شانۆییەکە، هەوڵێکە بۆ پێکەوەبەستنەوەی هونەری شانۆ و یادەوەریی کۆمەڵایەتی و مێژووییی سلێمانی؛ بۆ ئەوەی شوێنی نمایش تەنیا جێگەی پێشکەشکردنی کارێکی هونەری نەبێت، بەڵکو خۆیشی بەشێک بێت لە ئەزموونی بینەر."

دونیا ساڵح باسی لەوەش کرد، "ئەم بەرهەمە لە برین و ئازارەکانی کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە و هەوڵ دەدات لە رێگەی زمان و وێنەی شانۆییەوە ئەو ئازارانە بخاتەڕوو کە مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەیدا لەگەڵیان دەژی. هەروەها هیوادارم بە نمایشکردنی ئەم کارە، ژمارەیەکی زۆر لە بینەران بەشداری بکەن و لە رێگەی ئەم ئەزموونە هونەرییەوە، گفتوگۆیەکی زیاتر لەسەر کێشە و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان بکرێتەوە."

شانۆگەری "فرمێسکی پەپوولەکان"، لە دەرهێنانی رووبار مارسیدس و دونیا ساڵحە و لە چیرۆکی پیرە پەپولەکانی ئێوارانی شێرزاد حەسەن وەرگیراوە و لەلایەن د. نیاز لەتیف و رووبار مارسیدس کاری بە شانۆکردنی بۆ کراوە و بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026، لە ماڵی ئەحەی کوڕنوو لە سلێمانی نمایش بکرێت و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.