مووچە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی فەرمانبەرانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08ـی ئەیلوولی 2026، مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـی فەرمانبەران لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، ئەمجارەش وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە کۆی پارەی مووچەکە بڕیوە. 

ئاماژەی بەوەش دا، چاوەڕێ دەکرێت کەمێکی دیکە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بە فەرمی هاتنی مووچە رابگەیەنێت و لیستی دابەشکردنی پارەکەش بڵاوبکاتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 07ـی تشرینی یەکەم، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەکە کردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی، دەوامی فەرمانگەکانی وەزارەتەکەیان تەواو بوو، گواستنەوەی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی تشرینی یەکەم، دواخرا.