دوایین گوژمەی 2025 و یەکەم گوژمەی 2026ـی پارەی جووتیاران خەرج کرا
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، بڕیار لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە 22 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی جووتیاران دراوە، کە پێکهاتووە لە کۆتا وجبەی ساڵی 2025 و یەکەم وجبەی ساڵی 2026 و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیار لەسەر خەرجکردنی وجبەی نۆیەم و کۆتایی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2025 دراوە، کە بڕەکەی حەوت ملیار و 736 ملیۆن و 857 هەزار دینارە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی روونی کردەوە، ئەو بڕە پارەیەی ساڵی 2025 تەنیا بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکدا دابەش دەکرێت، چونکە لە وجبەی هەشتەمدا پشکی جووتیارانی هەولێر بە تەواوی خەرج کراوە و سفر بووەتەوە. بەپێی دابەشبوونەکەش، چوار ملیار و 602 ملیۆن و 604 هەزار دینار بۆ سلێمانی و سێ ملیار و 134 ملیۆن و 253 هەزار دیناریش بۆ دهۆک تەرخان کراوە. بەمەش پرۆسەی دابەشکردنی پارەی ساڵی 2025 بە تەواوی کۆتایی دێت.
لەبارەی شایستە داراییەکانی ساڵی 2026ـیشەوە، سەروەر هاواری باسی لەوە کرد، بڕیار لەسەر دابەشکردنی یەکەم وجبە دراوە کە کۆی گشتییەکەی 15 ملیار و 245 ملیۆن دینارە. ئەم بڕەش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت: پێنج ملیار و 30 ملیۆن دینار بۆ هەولێر، پێنج ملیار و 435 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی، و چوار ملیار و 780 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای دهۆک.
ساڵانە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی دەکەن و لە بەرانبەردا شایستەی داراییان پێ دەدرێت. پرۆسەی پێدانی پارەی جووتیاران زۆرجار بە چەند قۆناخ و "وجبە"ـیەکی جیاواز دابەش دەکرێت، ئەمەش بەپێی ئەو بودجە و نەختینەیەی لەبەردەستدایە.