وەزارەتی پەروەردەی سووریا دوو سەرپەرشتیار بۆ وانەی زمانی کوردی لە حەلەب دیاری دەکات
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان، وەزارەتی پەروەردەی سووریا بە فەرمی دوو سەرپەرشتیاری پسپۆڕی پەروەردەیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وانەی زمانی کوردی لە پارێزگای حەلەب دەستنیشان کرد.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی پەرەپێدانی پرۆگرامە پەروەردەییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا، کە بە واژۆی د. عیسمەتوڵڵا ڕەمەزان بەڕێوەبەری فەرمانگەکە دەرچووە، هەریەک لە "مەنان ناسر جەعفەر" و "عەبدولسەلام حوسێن حوسێن" ڕاسپێردراون بە بەڕێوەبردنی کاروباری سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی (التوجيه) بۆ وانەی زمانی کوردی لە سنووری پارێزگای حەلەب.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندن لەلایەن لێژنەی پسپۆڕەوە دراوە لە چوارچێوەی پێشبڕکێی دیاریکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی، بە مەبەستی ڕێکخستن و دابەشکردنی مامۆستایان بەسەر ئەو قوتابخانانەی کە وانەکەیان تێدا پەسەند کراوە. هەردوو ناوبراو لە فەرمانبەرانی پۆلی یەکەمن لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و فێرکردنی حەلەب.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی مەرسوومی ژمارە 13ی ساڵی 2026 دێت، کە بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی سووریا، زمانی کوردی وەک بابەتێکی نیشتمانیی بژاردە لەو قوتابخانانە دەخوێندرێت کە دەکەونە ناوچە کوردنشینەکان و ئەو ناوچانەی ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردیان تێدا نیشتەجێیە.
