ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ناسنامەی دوو بەرپرسە ئازادکراوەکە ئاشکرا دەکات
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ناسنامەی ئەو دوو بەرپرسە پێشووەی ئاشکرا کرد کە لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەی ئەم دواییەی شاری بەغدادا ئازاد کران و رایگەیاند: کە یەکێکیان دادوەرێکی خانەنشینکراو و ئەوی دیکەشیان راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە.
شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی فەرمیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەو دوو بەرپرسە حکومییە پێشووەی لە میانەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەی ئەم دواییەی شاری بەغدادا لە دەستی رفێنەراندا ئازاد کران، بریتین لە دادوەرێکی خانەنشینکراو و راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
گوتەبێژی دەزگاکە روونی کردەوە، هیچ کام لەو دوو کەسە ئازادکراوە ئێستا خاوەنی هیچ پۆست و بەرپرسیارێتییەکی حکوومی نین و لە چوارچێوەی فەرمانبەرانی خانەنشین و بەرپرسانی پێشوودا هەژمار دەکرێن.
جەختی لەوەش کردەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە تۆمەتبارەکان پێشینەی تاوانیان هەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی دوو کاتژمێر لەمەوبەر، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاندبوو، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی خێرادا لە بەغدا، توانیویانە دوو بەرپرسی پێشووی حکوومەت دوای 48 کاتژمێر لە رفاندنیان بە سەلامەتی ئازاد بکەن. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گرووپێکی هەشت کەسیی چەکدار دەستگیر کران و دەست بەسەر بارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنیدا گیرا کە لە نێو شوێنێکی پەرستشدا حەشار درابوو.