موحسین رەزایی: گەرووی هورمز لە ژێر دەسەڵاتی ئێرانە و خۆمان بەڕێوەی دەبەین
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)ی تۆمەتبارکرد، ئۆپەراسیۆنێکی قاچاخچێتی لە گەرووی هورمز، و جەختیکردەوە گەرووەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی تاران دایە.
یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ترەمپ لە رێگەی بەکرێگرتنی ژمارەیەک لە چەتە و تێکدەرەوە لە ئاوە کەناراوەکانی عوماندا دەستی داوەتە قاچاخچێتی، و گوتی: "ترەمپ رۆژانە بانگەشەی ئەوە دەکات، گەرووی هورمز کراوەیە، بەڵام لە وەڵامدا پێی دەڵێین ئێوە سەرقاڵی قاچاخچێتین، لە کاتێکدا گەرووەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و ئێمە بەڕێوەی دەبەین."
سەبارەت بە رۆڵی سوپای ئەمریکا، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئاشکرایکرد، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) راستەوخۆ سەرکردایەتیی ئەو کارە قاچاخانە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە سوپای ئیمارات وەرگرتووە. رەزایی روونیشیکردەوە: "ئەوان بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ ناو کەشتییە نەوتییە گەورەکان پەنا بۆ پێنج یان شەش بەلەمی بچووک دەبەن، بەڵام هێزەکانی ئێمەش شەوانە پێنج بۆ شەش لەو بەلەمانە دەکەنە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موحسین رەزایی هۆشداریی توندی دایە واشنتن و رایگەیاند: "لە مێژوودا هێز و دەسەڵاتی زۆر گەورەتر لە ئەمریکا هەوڵی داگیرکردنی ئێرانیان دا، بەڵام سەرەنجامی هەموویان فڕێدرانە ناو زبڵدانی مێژوو بوو."
ئەم قسانەی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران دوای ئەوە هات، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "فۆکس ئەند فرێندز" لە کەناڵی فۆکس نیوز، سەرنجی خستە سەر شکستی ستراتیژیی ئێران لە کەنداو و گوتی: با بە تەواوی روون بین، گەورەترین دۆڕاو لەم کێشمەکێشەدا ئێرانە. ئەوان هەوڵیان دا گەرووی هورمز بکەنە خاڵێکی گوشار و بیخنکێنن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، هەروەها هەوڵیان دا نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بەرز بکەنەوە، بەڵام لەوێشدا هیچیان دەستنەکەوت و بە دەستبەتاڵی دەرچوون."
بێسێنت رایگەیاند، قەیرانی سەختی دارایی تاران، رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران تەنانەت لە توانایاندا نەماوە مووچەی سەربازەکانیان بدەن: "ئێران لەژێر بارێکی قورسی داڕماندایە. بەردەوامبوونی ئەم گەمارۆیە بۆ ماوەی دوو تاوەکو چوار مانگی دیکە ئێران دەهێنێتە سەر ئەژنۆ. کەس نازانێت کۆتایی ئەم دۆخە چی دەبێت، رەنگە تاران وەک 'دیواری بەرلین' بە شەو و رۆژێک لەپڕ بڕووخێت، جا چ لە رێگەی راپەڕینی خەڵکەوە بێت، یان بەریەککەوتنی باڵەکانی ناو سوپای پاسداران، یاخود بە ناچاری بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ببن."
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی بەرامبەر تاران، وەزیری گەنجینە قسەکانی دۆناڵد ترەمپی دووپاتیکردەوە و گوتی، چاوەڕوان ناکرێت هیچ هەنگاوێکی سەربازیی گەورە یان رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ئێراندا تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم بێتە ئاراوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، راشیگەیاند، ئێستا هیچ نەوتێکی ئێران لەسەر ئاو نەماوە و هەناردەکەیان گەیشتووەتە سفر، تەنانەت داهاتی کاشی نەوتیان بووەتە نەرێنی. هاوکات تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانمان بۆ جیهان بڕیوە و لە دەرەوە دابڕاون."
بێسێنت سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەم گەمارۆیانە راستەوخۆ دەستەبژێری دەسەڵاتداری تاران دەپێکێت و بە تەنزەوە گوتی: "ئەگەر سەرکردەکانی ئێران هێندە وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، پیرۆزیان بێت، دەبێت هەر لەوێ بمێننەوە. ئەم هەنگاوە دەستەبژێری دەسەڵاتدار ئیفلیج دەکات، ئیتر ناتوانن بۆ بینینی کەسوکاریان سەردانی لەندەن بکەن، ناتوانن کات لە پاریس بەسەرببەن و دەستیان ناگاتەوە بەو پارانەی لە سویسرا هەیانبوو. ئەوان بە تەواوی لە جیهان دابڕێنراون."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاشکرایکرد، ئابووریی ناوخۆی ئێران لە لێواری تەقینەوەدایە، کرێکاران ناچنە سەر کارەکانیان و تاران بەهۆی نەبوونی دۆلارەوە دەستی کردووە بە چاپکردنی بێسەروبەری دراو: تەنیا 18 مانگ لەمەوبەر، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی 600 هەزار ریاڵ بوو، کەچی ئێستا بەهای دراوەکەیان داڕماوە بۆ 2.8 ملیۆن ریاڵ بەرامبەر یەک دۆلار، ئەم داڕمانە وایکردووە تەنانەت ناتوانن مووچەی سەرباز و هێزە چەکدارەکانیشیان دابین بکەن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، بێسێنت وەڵامی ناڕەزایەتیی ئەوروپییەکانی دایەوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر دیزڵی رووسیا لەلایەن ترەمپەوە بۆ دابەزاندنی نرخەکان لە بازاڕدا و گوتی: رەخنەی ئەوروپییەکان جێگەی پێکەنینە، ئەوان ساڵانێکی زۆرە نەوت و گازی رووسیا دەکڕن و لە دەستپێکی جەنگەکەوە تا ئێستا هێندەی پارەیان داوەتە مۆسکۆ، هێندە هاوکاریی ئۆکرانیایان نەکردووە. کەواتە هێرشەکانی ئەوان بۆ سەر هەوڵەکانی ئێمە بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکە، دووفاقییەکی تەواوە.