کۆمپانیای نەوتی بەسرە و ئێکسۆن مۆبیل یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد
بە چاودێریی باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عێراق، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی واژۆ کرا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی بەکارهێنان و وەبەرهێنانی ئاوی دەریا لە کەرتی نەوتدا.
چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 2.5 ملیۆن بەرمیل ئاوی لە رۆژێکدا دەبێت، تایبەتە بە پاڵپشتیکردنی کێڵگە نەوتییەکان و قەرەبووکردنەوەی دابەزینی پەستانی کۆگاکانی نەوت لە ژێر زەویدا. ئەم پڕۆژەیەش دەخرێتە پاڵ ئەو پڕۆژەیەی لەلایەن کۆمپانیای "تۆتاڵ ئێنێرجیز"ی فەرەنسییەوە بە توانای پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی حکوومەت و وەزارەتی نەوتدایە بۆ راکێشانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەرەو گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوتی وڵات، بەردەوامیپێدانی پڕۆسەی دەرهێنان و بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی ژینگەیەکی گونجاو و لەبار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکانی وەبەرهێنان.
وەزیری نەوتی عێراق روونیکردەوە، وەزارەت چەندان یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوشێوەی لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا، لەوانە "شێڤرۆن" و "ئێکسۆن مۆبیل" هەیە بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم. هاوکات جەختیکردەوە، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە، دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کارێکی زۆر بۆ دەستی کاری ناوخۆیی و جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.