هەوڵی دەستگیرکردنی بکوژی دووبراکەی ئاکرێ بەردەوامە
ئەمڕۆ شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە ئاکرێ رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی سێ رۆژ لەمەوبەر لە ئاکرێ دوو برای کوشت و برایەکی دیکەشی بریندار کرد، لەلایەن پۆلیسەوە دۆزراوەتەوە و هەوڵی دەستگیرکردنی دراوە.
تۆمەتبارەکە کاتێک لە مارکێتێک سەرقاڵی کڕینی کەلوپەلی پێداویستی بووە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە ناسراوەتەوە و پۆلیس لە رووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە. دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە هەستی بە بوونی هێزەکانی پۆلیس کردووە، رووی لە یاریگای ئاکرێ کردووە کە لەو کاتەدا ژمارەیەک گەنجی تێدا بوون.
پۆلیس بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و گەنجانی ناو یاریگاکە، لە تەقەکردن خۆی بەدوور گرتووە و داوای لێکردووە خۆی رادەست بکات، بەڵام تۆمەتبارەکە رەتی کردووەتەوە و پێی گوتوون، ئەگەر بمرم خۆم رادەستی ئێوە ناکەم.
بەهۆی ئەو دۆخەوە، پۆلیس بەمەبەستی رێگریکردن لە زیانی گیانی، مەودایەکی ئەمنی لەگەڵ تۆمەتبارەکە دروست کردووە. تۆمەتبارەکە هەوڵیداوە بەرەو ئەو شوێنە رابکات کە ئۆتۆمبێلەکەی لێ راگرتووە، بەڵام پۆلیس رێگریی لێکردووە و ناچاری کردووە بەرەو گەڕەکەکانی ئاکرێ هەڵبێت.
لە درەنگانی شەو تا کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان، پێکدادان و ئاڵوگۆڕی تەقە لەنێوان تۆمەتبارەکە و هێزەکانی پۆلیس لەناو گەڕەکەکان روویداوە. سەرەڕای ئەو هەوڵانە، تۆمەتبارەکە توانیویەتی لە دەستی پۆلیس رابکات و تا ئێستا پرۆسەی بەدواداچوون و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 22-10-2026 لە بەردەم پارکی ئاکرێ کەسێک تەقەی لە دوو برا کرد و هەردووکیانی کوشت و یەکێکی دیکەیشی بریندار کرد. لای خۆیەوە پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند، تەقەکەرەکە کورە پووری کوژراوەکانە و تا ئێستا دەستبەسەرنەکراوە.
هەروا ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە برا بوون و بە ناوەکانی جەمال حاجی و فەلاح حاجی و برایەکی دیکەیشیان بریندارە.