زەیتوونی دیاربەکر زیادی کردووە و نرخیشی بەرز بووەتەوە
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەرهەمهێنانی زەیتوون، بازاڕەکانی شاری دیاربەکر لە باکووری کوردستان بە زەیتوونی خۆماڵی رازاونەتەوە و بەرهەمی ئەمساڵ رێژەیەکی باشتر و بەرزتری تۆمار کردووە.
فرۆشیارانی زەیتوون ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی کەمبوونی بارانبارین لە هەندێک لە ساڵانی رابردوودا دارەکان کەمتر بەرهەمیان هەبووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی باشتربوونی دۆخی کەشوهەوا و بارانبارین، بەرهەمی زەیتوونی دێرک لە دیاربەکر زیادی کردووە.
سەبارەت بە نرخەکان، نرخی زەیتوون لە بازاڕەکانی دیاربەکردا بەراورد بە ساڵانی پێشتر گرانتر بووە، بە جۆرێک نرخی کیلۆیەک زەیتوون بەگوێرەی جۆرەکەی جیاوازە.
زەیتوونی دیاربەکر کە چەندین جۆری جیاوازی وەک خەڵخالی، ماوی، بەلووتی و مەلقەبازی هەیە، نەک هەر لە بازاڕەکانی ناوخۆدا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەڵکو هەناردەی دەرەوەش دەکرێت و لە وڵاتانی ئەوروپاش وەک بەریتانیا خواستی لەسەرە.
سەرەڕای ئەوەی دێرک لە دیاربەکر 90 کیلۆمەتر دوورە و هاتای لە دیاربەکر 500 کیلۆمەتر، بەڵام زەیتوونی هاتای و دێرک لە بازاڕی دیاربەکردا کێبڕکێ دەکەن و فرۆشیاران دەزانن کوالێتی زەیتوونی دێرک زۆر بەرزترە بەڵام بەهۆی هەرزانیی نرخی زەیتوونی هاتای خواستی لەسەرە بە بەراورد بە زەیتوونی دێرک کە بەهۆی کەمی ژمارەی داری زەیتوون و کوالێتییە بەرزەکەی نرخەکەی بەرزترە.

بە گوێرەی راپۆرتی ساڵی رابردووی کشتوکاڵی دیاربەکر، 70 هەزار داری زەیتوون هەبووە و بەرهەمیان 37 تۆن بووە، لەنێویدا 19 تۆن زەیتوون بۆ خۆشکردن و رزاندنەوەی سفری دیاربەکرییەکان بووە و 18 تۆنەکەی دیکەش 3 تۆن رۆنی زەیتوونی لێ دروستکراوە.
بە گوێرەی توێژینەوەکان، گەرمای بەتینی هاوین و زستانی سارد، هۆکارە بۆ کەمی باخەکانی زەیتوون لە دیاربەکر، باخەوانەکان تەنیا لە چەند شوێنێکی لەبار توانیویانە باخەکانیان وەبەربهێنن.
هەرچەندە ساڵی 2018 لە ناوچەی پیشەسازیی دیاربەکردا، کارگەیەکی پاڵپشتیکراوی حکوومەت پرۆسەی لە قتوونان و هەناردەی زەیتوون کرایەوە، بەڵام بەشی زۆرینەی زەیتوونەکە لە ئیجە، مەرمەڕە، دێریک و وێرانشار دەبرایە کارگەکە، تەنیا لەو ساڵەدا 1200 تۆن بەرهەمی هەناردەکرد و دوای ماوەیەکی کەم کارگەکە راگیرا.
جگە لە دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی و شارەکانی دەوروبەر، زەیتوونی ئەم ناوچەیە بەهۆی بەرزی کوالێتییەکەیەوە بۆ چەندین وڵاتی ئەوروپی و بەتایبەت بەریتانیا هەناردە دەکرێت.
