عەلی زەیدی بەهۆی سووکایەتی بە ئاڵای ئەمریکا چوار ئەفسەری دوورخستەوە

سوکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا
سوکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا

نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا بە دوورخستننەوەی چوار ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستەکانیان، هاوکات فەرمانی پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوەی داوە لەسەریان بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئەرکە ئەمنییەکانیان و رێگەدانیان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی کە سووکایەتی بە ئاڵای ئەمریکا بکەن.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە ئەمینداریەتی کاروباری کارگێڕی و بەدواداچوون لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە و واژۆی فەریق یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی لەسەرە، تیایدا فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەخۆدەگرێت بۆ لەکارلادانی هەریەک لە:

عەمید داود سەلمان داود حەسەن، فەرماندەی ناوچەی ئەمنیی 2.
عەمید ریاز جیزان رەسەن سلوم، ئەفسەر لە بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا-رەسافە.
عەقید زولفەقار عەودە کتاب، فەرماندەی فەوجی 5ـی فریاکەوتنی بەغدا-رەسافە.
موقەدەم مستەفا ساڵح مهێدی، ئەفسەری هەواڵگریی فەوجی فریاکەوتنی بەغدا-رەسافە 
لە بەڵگەنامەکەدا کە دەست کوردستان24 کەوتووە، روون کراوەتەوە بڕیارەکان لەسەر بنەمای کەمتەرخەمیی ئەو ئەفسەرانە بووە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و رێگەدانیان بە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کاتی نمایشی "رۆژی سەروەری"دا کە سووکایەتی بە ئاڵای ئەمریکا بکەن، ئەمەش وەک کارێک سەیر کراوە کە زیان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لەسەر پێویستیی بەدواداچوون و ئامادەیی مەیدانیی پۆلیسی بەغدا-رەسافە کردووەتەوە لە کاتی خۆپیشاندان، ئاهەنگ و بۆنە جیاوازەکاندا.

 لە 4ـی تشرینی یەکەمی ئەم مانگەدا، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی راگەیاندبوو کە تێوەگلاون لە سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمریکا لە میانی ئاهەنگی ڕۆژی سەروەریدا.