وەزارەتی کشتوکاڵ:ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار هێلکە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵ بەهۆی زۆری بەشێکی بەرهەمەکانی ناوخۆ، داواکارییەک ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان دەکات.

قارەمان قادر، گووتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە خۆبژێوی زیاترە، بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دکرێت کە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە، ناچار بکرێن بەرهەمی ناوخۆ بەکاربهێنن، واتە لە دەرەوە هاوردەی نەکەن، ئەم بڕیارەش بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیە و ئەو بەرهەمەشی لە پێویستی زیادە لە بازارەکان ساخ دەبێتەوە.

کەرتی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی مریشک و هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئێستا گەشەکردنێکی ستراتیژی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و بە تەواوی گەیشتووەتە قۆناخی خۆبژێوی، بە جۆرێک کە بەرهەمی ساڵانەی هێلکە گەیشتووەتە نزیکەی 4.5 ملیار دانە و بەرهەمی گۆشتی مریشکیش سێ هێندەی پێویستی ناوخۆیە، کە ئەمەش ڕێگەی خۆشکردووە ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار هێلکە و 350 هەزار تۆن گۆشتی مریشک هەناردەی بازاڕەکانی تری عێراق بکرێت.

گوتیشی؛ سەرەڕای ئەم سەرکەوتنە، لەم مانگەدا ئەم کەرتە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە بەهۆی بڕیارەکەی بەغدا بۆ لابردنی باجی گومرکی لەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی دەرەکی، کە ئەمەش نیگەرانی توندی لای وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم و خاوەن پڕۆژەکان دروستکردووە لەسەر پاشەکشەی توانای کێبڕکێی بەرهەمی ناوخۆیی.

لە چەند ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان لە کەرتی پەلەوەردا گەیشتە قۆناخی خۆبژێوی و بەشێکی زۆری بەرهەمەکەی بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دەنارد. بەڵام بڕیارەکەی بەغدا بۆ هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی هاوردەکراوی دەرەکی (وەک تورکیا و ئێران)، بووە هۆی پڕبوونی بازاڕ لە کاڵای هەرزانی بیانی و زیانی گەورەی بە خاوەن کێڵگە ناوخۆییەکان گەیاند. بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ هەوڵ دەدات لە رێگەی گرێبەستە حکوومییەکانەوە (وەک خۆراکی هێزە ئەمنییەکان، نەخۆشخانەکان و زیندانەکان) بازاڕێکی مسۆگەر بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و پاراستنی پڕۆژەکان دابین بکات.