ئیخڵاس دلێمی بۆ کوردستا24: هەفتەی داهاتوو مووچە تەمویل دەکرێت
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەمممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، بەپێی بەدواداچوون و هەماهەنگییەکان، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکان و مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی کوردستان تەمویل بکات.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە بەسەر مووچەخۆراندا دەنرێت.
لە سەرەتای ساڵی 2024ـەوە و دوای دەرچوونی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، پرسی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵ. بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و رێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، پێویستە مانگانە هەرێمی کوردستان لیستی مووچەخۆران بە وردی ئامادە بکات و لەگەڵ راپۆرتی دارایی (تەرازووی پێداچوونەوە)ـی مانگی پێشوو رادەستی بەغدای بکات.