لە تورکیا ژمارەیەک رۆژنامەنووس بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە عەلیێڤ دەستگیر کران

پۆلیسی تورکیا
پۆلیسی تورکیا

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە شارەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە ژمارەیەک چالاکوان و میدیاکاریان بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە سەرۆکی ئازەربایجان دەستگیر کرد.

هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی تووندیان لە سیاسەتەکانی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان و بڕیاری قەدەخەکردنی سەرپۆش گرتبوو.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا محەممەد ئەمین یڵدرم، نوێنەری ئیستانبوڵی دەزگایەکی میدیایی و ئەحمەد سابا، نوێنەری هەمان دەزگا لە پارێزگای هاتای هەن. هەروەها لە ئەنقەرەی پایتەختیش دوو کەسی دیکە دەستبەسەر کران و دوای وەرگرتنی گوتەکانیان ئازاد کران.

محەممەد ئەمین یڵدرم دوای ئازادبوونی بە میدیاکانی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لەژێر ناوی سووکایەتیکردن بە سەرۆکی وڵاتێکی بیانی بووە، بەڵام جەختی کردەوە لە هەڵوێستی خۆی لە دژی قەدەخەکردنی سەرپۆش لە ئازەربایجان پاشەکشە ناکات.

ئەم هەڵمەتەی دەستگیرکردن دوای ئەوە دێت، ئۆکتای سارال گەورە راوێژکاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، بەهۆی رەخنەگرتن لە بڕیارەکەی ئازەربایجان سەبارەت بە قەدەخەکردنی سەرپۆش لە قوتابخانە و فەرمانگەکاندا، بە فەرمانی خودی ئەردۆغان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

لە بەرانبەردا، داواکاری گشتیی ئازەربایجان 31 هاووڵاتی و کەسایەتیی تورکیای وەک کەسی نەخوازراو دەستنیشان کرد و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ حەوت کەسیان دەرکرد.

هاوکات ئیلهام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە گوتارێکدا بە تووندی وەڵامی رەخنەکانی ناوخۆی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، تورکیا هیچ مافێکی ئەخلاقیی نییە بە وڵاتێکی سەربەخۆ بڵێت چۆن بڕیار بدات. هەروەها جەختی کردەوە، باکۆ بە هیچ جۆرێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی قبووڵ ناکات.

لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی ئازەربایجان بڕیاری دا پۆشینی سەرپۆش (حیجاب) و جلوبەرگی ئایینی لە ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگە حکوومییەکان قەدەخە بکات، بە پاساوی پاراستنی سیستەمی عەلمانیی وڵاتەکە. ئەم بڕیارە کاردانەوەی تووندی لە نێوخۆی ئازەربایجان و بەتایبەتی لە وڵاتی تورکیا لێکەوتەوە. چەندین رێکخراوی ئیسلامی، میدیاکار و تەنانەت بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رەخنەی تووندیان لە باکۆ گرت.