تەسنیم: تاران وەڵامی نامەکەی جەی دی ڤانسی نەداوەتەوە
ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردەوە، تاران نامەیەکی فەرمیی لە جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا وەڵامی نامەکەیان نەداوەتەوە؛ ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هەوڵە چڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، تاران نامەیەکی لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشتووە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران دەدرێن، بەڵام لایەنی ئێرانی تا ئێستا وەڵامی فەرمیی خۆی لەسەر نامەکە نەداوەتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردبووەوە، کە جەی دی ڤانس، بە راسپاردە و فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی ئاراستەی موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کردووە، بە مەبەستی سەر لە نوێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دانوستان و پێشگرتن لە ئەنجامدانی هێرش و لێدانی سەربازیی نوێ لە لایەن واشنتنەوە.
بە پێی رۆژنامەکە، پەیامی نامەکە و پەیوەندییە بەردەوامەکانی دواتری نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر داڕشتنی چوارچێوەیەکی گشتی بۆ دانوستان، لە جیاتی چوونە نێو وردەکاریی بڕگە دیاریکراوەکانی رێککەوتنی ئاشتی.
ناردنی نامەکەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، کە سەرجەم دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکانی پێشوو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی هەمیشەیی.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو: کە تاران لەگەڵ نێوەندگیرەکان، بە تایبەت قەتەر و پاکستان، تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ راگرتنی جەنگ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
دەسەڵاتدارانی تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت واشنتن وەڵامی حەفت مەرجی سەرەکیی ئێران بداتەوە بۆ کردنەوەی گەرووەکە؛ لەوانە: راگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئازادکردنی سامانی بلۆککراوی ئێران لە دەرەوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی وڵاتەکە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریاییی ئەمریکا.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئاژانسی تەسنیم جەختی لەوە کردەوە، هەر هەڵوێستێک ببێتە هۆی تێکدانی ئەم چوارچێوە تۆکمەیەی کە لە لایەن ئێرانەوە دانراوە، بە تەواوی رەتکراوە و قبووڵنەکراوە.
جەنگی نێوان هەردوو وڵات لە 28ـی شوباتی ئەمساڵدا دەستی پێکرد، دوای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوانیان کردە سەر پێگەکانی ئێران، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵا سەربازییەکان کوژران.
لە وەڵامدا، ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هاوکات کۆتوبەندی توندی خستە سەر جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە نزیکەی پێنجیەکی نەوتی جیهانی لە رێگەیەوە هەناردە دەکرێت، لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریاییی توندی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند.