هیڤا پەناهی: لە رێگەی شیعر و کۆمەڵناسییەوە خزمەتی ناسنامەی کوردم کردووە

هیڤا پەناهی
هیڤا پەناهی

 د. هیڤا پەناهی، شاعیر، نووسەر و پسپۆڕی کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆژیای) سیاسی، تیشک دەخاتە سەر گرێدانی ئەفسانە و فەلسەفە بە کۆمەڵناسیی سیاسی، ئاڵنگاری و پەراوێزخستنی لە نێوەندە ئەکادیمییەکانی یۆنان، دزینی بەرهەمە زانستییەکەی، و گرنگیی رۆڵی ئەدەب لە پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەییی کورددا.

 هیڤا پەناهی، لەدایکبووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی خەڵاتی دامەزراوەی میتێران و بڕوانامەی دکتۆرا لە کۆمەڵناسیی سیاسی لە زانکۆی پانتێیۆنی یۆنان، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە کارە ئەدەبی و لێکۆڵینەوەکانی لە بواری خوێندنی کلاسیکدا ناسراوە و شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەک یۆنانی، ئینگلیزی و بەنگالی وەرگێڕدراون.

لەبارەی گرنگترین کارە ئەکادیمییەکانی، پەناهی ئاماژەی بە تێزی دکتۆراکەی کرد کە تێیدا لەسەر بنەمای تیۆرییەکی تایبەت بە خۆی، لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لە نێوان پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی فارس، یۆنانی و کورد لە چوارچێوەی ئەفسانەی "پرۆمیسیۆس" و "کاوەی ئاسنگەر"دا ئەنجام داوە.

پەناهی دەڵێت "ئەم بەرهەمەم 10 ساڵ کارکردنی چڕی خایاند (2006–2014)، شیکارییەکی قووڵە بۆ پرسی دەسەڵات، سیستەمی سیاسی، میراتی کولتووری و مەیلی ئەو گەلانە بەرەو دیموکراسی یان دوورکەوتنەوە لێی. من ئەو دەزووە نادیارەم دۆزییەوە کە ئەشکەوتی کاوەی ئاسنگەری ئێمە دەبەستێتەوە بەو پرۆمیسیۆسەی لە دژی خوداوەندەکان یاخی بوو و ئاگری بە مرۆڤایەتی بەخشی."

ئەو نوسەرە کوردە لە ساڵی 2004دا شاکاری شانۆیی "پرۆمیسیۆس"ی ئایسخیلۆسی لە زمانی یۆنانیی کۆنەوە بە کێشی شیعری "شەشبەندی"ی کوردی وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی،  لەو کاتەدا لە لایەن شاعیری ناوداری کورد شێرکۆ بێکەس بە "ئەڵماس" وەسف کرا و پڕۆفیسۆر د. ئەمیر حەسەنپووریش بەرز نرخاندی و رایگەیاند، لە هەندێک بڕگەدا لە کارەکانی گۆتەش دەپەڕێتەوە.

لەبارەی ئەزموونی 22 ساڵەی لە یۆنان و ئاڵنگارییەکانی لە نێوەندە ئەکادیمییەکاندا، پەناهی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای کۆچی دوایی پرۆفیسۆر "نیۆکلیس ساریس"ی سەرپەرشتیاری لە ساڵی 2011، لە ناو هۆڵەکانی زانکۆی پانتێیۆن دووچاری پەراوێزخستن و جیاکاری بووەتەوە، بە شێوەیەک کاریگەریی سەختی لەسەر ژیان، تەندروستی، کار و ماڵەکەی داناوە و لە هەندێک قۆناخدا دووچاری هەژاری و برسییەتی بووەتەوە.

پەناهی ئاشکرای کرد "بەهۆی جیاکاریی رەگەزی و نەتەوەیییەوە، رووبەڕووی شەڕێکی نادادپەروەرانە بوومەوە. تەنانەت لەم دواییانەدا لە ڕێگەی ئاگادارییەکانی گووگڵەوە زانیم گەنجێکی یۆنانی بە ئاشکرا تێزی دکتۆراکەمی دزیوە (کە بە زمانی یۆنانی نووسیبووم)، بردوویەتییە بەریتانیا و لە دەزگایەکی گەورەی چاپ و بڵاوکردنەوە بە ناوی خۆیەوە وەک کتێب چاپی کردووە." ئەو شاعیرە جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا خەریکی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی ئەو ساڵە تاریکانەیە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رۆڵی ئەدەبیات لە پاراستنی شوناس و زمانی دایک،  هیڤا پەناهی گوتی "شیعر پەرە بە زمان دەدات و فەلسەفە و مرۆڤناسیی ئێمە دەپارێزێت".

ژنان بە سروشتی خۆیان کولتوور دروست دەکەن، چونکە زمان و خۆشەویستی دەبەخشنە منداڵەکانیان. بۆ ئێمەی ژنانی شاعیر، زمان وەک منداڵی دووەممان وایە و لە هەموو شوێنێک لەگەڵماندایە." پەناهی لە رێگەی کوردستان24ـەوە پێشنیازێکی ئاراستەی ناوەندە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی "داوا دەکەم زانکۆکانی کوردستان دەزگای چاپی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن؛ ساڵانە سپۆنسەری بەرهەمی نووسەرانی کورد بکەن و چاپیان بکەن، بۆ ئەوەی خزمەتێکی کردەیی بە گەشەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی بکرێت."

لەبارەی پڕۆژەکانی داهاتووی، هیڤا پەناهی رایگەیاند، سێ کتێبی لەژێر چاپدان؛ لەوانە کۆکردنەوەی سێ دیوانی شیعری لە یەک بەرگی کوردیدا، مۆنۆگرافێک لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، و کتێبی بیرەوەرییەکانی کە قۆناخی ساڵانی (2011–2025) لەخۆدەگرێت.