لاڤرۆڤ، وێنەگرتنی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20ـی تێکدا
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، هۆکاری رەتکردنەوەی وێنەی کۆمەڵی بەرپرسانی ئەوروپی لە تەنیشت سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 لە ئەتڵانتا ئاشکرا کرد.
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، گوتی: "ئەوروپییەکان لە دەستپێکی جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا رێککەوتوون ئەو تێگەیشتنە دروست نەکەن کە پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆ ئاسایی بووەتەوە". ئەو جەختی کردەوە هەڵوێستەکەیان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
کالاس روونی کردەوە، لاڤرۆڤ لە میانی دانوستانەکاندا کۆمەڵێک درۆ و گێڕانەوەی هەڵەی لەسەر جەنگی ئۆکرانیا خستووەتە روو. شاندە ئەوروپییەکان لە میانی کۆبوونەوەکەدا وەڵامی ئەو تۆمەتانەیان داوەتەوە.
کالاس روونی کردەوە، هەڵوێستی ئەوروپا تەنیا پەیوەست نییە بە ناکۆکییەکی پڕۆتۆکۆلی یان رەتکردنەوەیەکی کەسیی لاڤرۆڤ، بەڵکو پەیامێکی سیاسییە کە بەردەوامیی جەنگی رووسیا لە ئۆکرانیا رێگری لە مامەڵەکردن لەگەڵ مۆسکۆ دەکات وەک ئەوەی پەیوەندییەکان بۆ دۆخی ئاسایی گەڕابێتنەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا، کالاس روونی کردەوە مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی رابردوو بەرزترین ئاستی قوربانییانی مەدەنییان لە ئۆکرانیا بەخۆوە بینیوە. ئەو پێی وایە کردەوەکانی رووسیا هیچ ئامادەیییەکی راستەقینە بۆ دانوستان نیشان نادەن، هەرچەند لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە جیاواز بن.
ناڕەزایەتییەکە تەنیا بە کالاس کۆتایی نەهات، بەڵکو نزیکەی یەک لەسەر سێی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، کە نوێنەرانی ئوسترالیا و کەنەدایان لەنێودا بوو، رەتکردنەوەی خۆیان بۆ دەرکەوتن لە وێنەی کۆمەڵ لە تەنیشت وەزیرە رووسییەکە دەربڕی.
لە بەرامبەر ئەگەری کشانەوەی ژمارەیەک لە شاندەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری دا وێنە نەریتییەکە بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی بۆنەکە نەبێتە هۆی پێکدادانی دیپلۆماسی کە کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر کاروباری کۆبوونەوەکە دابنێت.