ئێران هێزەکانی ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر ماسیگرانی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات
ئەو کوڕ و باوکە ئێرانییەی لە کەنداو بێ سەروشوێن بوون رزگارکران
بەرپرسێکی ئێران رایگەیاند، ئەو کوڕ و باوکە ماسیگرەی بەهۆی هێرشێکی ئەمریکاوە بۆ سەر بەلەمەکانیان لە بزیک دوورگەی قشم بێسەروشوێن بوون، بە سەلامەتی دۆزراونەتەوە و گەڕێندرانەوە کەناراوەکان.
عەلی ئیسلامی رەمچاهی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی کۆمپانیاکانی ماسیگری لە پارێزگای هورمزگان، ئەمڕپ شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026 بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، مەحموود پەنجە و کوڕەکەی، دوای هێرشەکەی سەر دوو بەلەمی ماسیگری لە ئاوەکانی نزیک گوندی میسن بێسەروشوێن بوون و هیچ پەیوەندییەکیان نەما، دوای هەڵمەتێکی زۆری گەڕان بە سەلامەتی دۆزراونەوە و گەڕاندرانەوە بۆ وشکانی.
سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە، رەمچاهی رایگەیاند، کاتژمێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای ئەمریکا هێرشیکردووەتە سەر دوو بەلەمی ماسیگری کە هەر بەلەمێک دوو سەرنشینی تێدابووە. لە بەلەمی یەکەمدا، ماسیگرێک بەناوی 'مێهرزاد پەنجە' هەردوو قاچی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، هەروەها براکەی بەناوی 'مێهران پەنجە' بەهۆی هێرشەکەوە کەوتووەتە نێو دەریاوە، بەڵام دواتر لەلایەن ئەو بەلەمانەی بە ناوچەکەدا تێپەڕیون، رزگار کراون. سەرنشینانی بەلەمی دووەمیش کە مەحموود پەنجە و کوڕەکەی بوون و بۆ ماوەیەک بێسەروشوێن بوون، دواتر دۆزراونەتەوە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا چارەنووسی سەرنشینی هەردوو بەلەمەکە دیارە و هەر چواریان رزگار کراون. ئەو ماسیگرانە خەڵکی گوندی میسن بوون و لە کاتی رووداوەکەدا خەریکی کاری ئاسایی ماسیگریی بوون لەنێوان کەناراوەکانی سوزا و گوندی میسن.
دوورگەی قشم سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێرانە و دەکەوێتە گەرووی هورمزەوە، رووبەرەکەی 1500 کیلۆمەتر دووجایە و بە یەکێک لە ناوچە گەشتیاری و ستراتیژییەکانی ئێران لە هەرێمی ئاویی کەنداو دادەنرێت.