ئەردۆغان هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە دەریای رەش قبووڵکراو نییە
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە، ئەو هێرشانەی کەشتییە مەدەنییەکان لە دەریای رەش دەکەنە ئامانج قبووڵنەکراون، و داوای لە هەریەکە لە رووسیا و ئۆکرانیا کرد بەرامبەر بەم دۆخە بەرپرسیارانە رەفتار بکەن.
شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، لە ئەستەنبووڵ رایگەیاند: ئاشکرایە کە هێرشکردن سەر کەشتییە مەدەنییەکان و ئەو رێوشوێنانەی گرژییەکان لە دەریای رەشدا پەرەپێدەدەن، خزەمەت بە بەرژەوەندیی هیچ کەسێک ناکەن.
گوتیشی، ئێمە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا ناتوانین ئەم هێرشانە قبووڵ بکەین، ئینجا لەلایەن هەر لایەنێکەوە کرابن یان هەر پاساوێک بۆ بە ئاسایی بوونیان بهێنرێتەوە. ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین لەم بارەیەوە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەن.
ئەنقەرە پێشنیارێکی پێشکەشی رووسیا و ئۆکرانیا کردبوو بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە مەدەنییەکان، بەڵام رای دەگەیەنێت کە تا ئێستا هیچ کام لە دوو لایەنە هەنگاوێکیان لەو بارەیەوە هەڵنەگرتووە.
لای خۆیەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، رووسیای بە تێکدان و ئاڵۆزترکردنی دۆخی دەریای رەش تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، بەشێکی زۆری گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەردۆغان بۆ ئەم پرسە ئەمنییانەی ناوچەکە تەرخان کرابوون.
زێلێنسکی گوتی: لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان باسی هەندێک بیرۆکە و پێشنیارمان کرد کە دەکرێت یارمەتیدەر بن. سوپاسی تایبەتی سەرۆک دەکەم لەبەر ئەم دیالۆگە.
لە بەرامبەردا، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەلامەتیی هاتوچۆی دەریایی لە دەریای رەشدا.
ئەردۆغان گوتی: باوەڕم وایە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە، ورە و تینێکی نوێ بەو هەوڵانە دەبەخشێت کە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ئۆکرانیا دەدرێن.
تورکیا پێشتر چەندین گەڕی گفتوگۆی نێوان رووسیا و ئۆکرانیای لەخۆ گرتووە بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەردۆغان لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە، چوارشەممەی رابردوو بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندبوو، تورکیا ئامادەیە پشتگیری لەو هەوڵانە بکات کە ئامانجیان زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسییە لە نێوان ئۆکرانیا و رووسیا و کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە رێگەی دانوستانەکانەوە.
دوای ئەو پەیوەندییە، ئەمڕۆ شەممە، ئەردۆغان پێشوازیی لە بووژانەوەی نوێی هەوڵەکان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە رێگەی رێگاکانی دیپلۆماسییەوە، کە ئاماژە بوو بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی ترامپ خستوویتییە روو.
ئەردۆغان گوتی: لەم قۆناخەدا، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە لە ئاشتییەکی دادپەروەرانەدا هیچ دۆڕاوێک بوونی نابێت.
هەروەها گوتیشی، دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە بە تەواوی ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ خۆشکردنی رێگەی گەیشتن بە ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی پێشتر لە تورکیا لە نێوان لایەنەکان بەڕێوە چوون، سەلماندیان کە دەکرێت لە رێگەی دیپلۆماسییەوە دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنرێت.
هەفتەی رابردوو، کۆشکی کرملین راگەیاندبوو، گەڕی داهاتووی گفتوگۆکانی نێوان رووسیا، ئۆکرانیا و ئەمریکا بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمدا لە ئیمارات دەست پێ بکاتەوە.
لەو بارەیەوە زێلێنسکی رایگەیاند، ئەم رێڕەوی گفتوگۆیە، و بژاردەکانی دیکەشی لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێی کردووە، بەتایبەت ئەگەری بەشداریپێکردنی تورکیا، ئەوروپا و هەموو هاوبەشەکان، هەروەها ئەگەری رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە تورکیا.
جەختی کردەوە:پێویست بە بڕیاری یەکلاکەرەوە دەکات بۆ ئەوەی ئاشتی بێتەدی.
زێلێنسکی لە کۆتاییدا گوتی، لە هەموو ئاستەکاندا، پێویستە پەیام ئاراستەی رووسیا بکرێت کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئاشتی بوونی نییە، و پشتگیرییە پێشکەشکراوەکان بە ئۆکرانیا بەردەوام دەبن.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ڤلادیمێر پووتین و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە شاری سەنت پترسبۆرگ، رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندرا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و داڕشتنی سیستەمێکی ئەمنیی هاوبەش.