وەزارەتی نەوتی عێراق داتاکانی هەناردەی نەوت بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، نوێترین داتاکانی کەرتی نەوتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە عێراق چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاندووە، هاوکات دووپاتی کردەوە کە رێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای "سۆمۆ"وە بەردەوامیی هەیە.
شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24، نوێترین داتاو پێشهاتەکانی تایبەت بە کەرتی بەرهەمهێنان و پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خستەڕوو.
روکابی رایگەیاند: لە کاتی ئێستا تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیلی بە تەواوەتی تێپەڕاندووە.
سەبارەت بە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی فیدراڵدا، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت جەختی لەوە کردەوە، کە رێککەوتنی سێقۆڵیی تایبەت بە رادەستکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هەناردەکردن لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هێشتا وەک خۆی کاری پێدەکرێت و نەوەستاوە.