کۆریای باکوور ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی دەکات
کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی سەربازیی بۆ کڵاوەی جەنگیی هەڵگری بۆمبی هێشوویی کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ سوپاکەی توانای بەکارهێنانی سەرجەم جۆرەکانی ئەم چەکانەی هەبێت.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) رایگەیاند، تاقیکردنەوەکە شەممە بەڕێوەچوو و ئامانج لێی هەڵسەنگاندنی گونجاویی کڵاوەی جەنگیی هێشوویی بووە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و پێوانەکردنی هێزی وێرانکارییەکەی، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێگیرکردنی لەسەر مووشەکی بالیستیی تاکتیکی.
بەرپرسانی سەربازیی ئەو وڵاتە روونیکردەوە، ئەم چەکە نوێیە لە کاتی بەکارهێناندا توانای ئەوەی هەیە رووبەرێک لە نێوان 12 بۆ 13 هێکتار وێران بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی مووشەکی لە کۆریای باکوور رایگەیاند، ئەمساڵ رێگە بە یەکە سەربازییەکان دەدەین بەپێی ئامانجە ئۆپەراسیۆنییەکان و تایبەتمەندیی دیاریکراوی ئامانجەکان، سەرجەم ئەم جۆرە چەکانە هەڵبژێرن و بەکاریان بهێنن.
ئاژانسی فەرمیی کۆریای باکوور وێنەی هەڵدانی مووشەکەکەی لەسەر سەکۆیەکی گەڕۆک و شوێنەواری وێرانکاریی چەکەکەی لەسەر یەکێک لە دوورگەکان بڵاوکردووەتەوە.
کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور ئامادەی ئەم تاقیکردنەوەیە نەبووە. ناوبراو لە نیسانی رابردوودا بە هاوڕێیەتیی کچەکەی، جو ئای، سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەیەکی هاوشێوەی کردبوو.