ئەندامێکی لیژنەی دارایی: تا هەولێر و بەغدا رێکنەکەون پڕۆژەیاسای بودجە نایەتە پەرلەمان
رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق، چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە و لەم هەفتەیەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24، لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق چڕ دەبنەوە.
تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاساکە لە وەزارەتی داراییە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی یاسایی و کارگێڕییە بۆ ئەوەی پشکی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی مسۆگەر بکات، بڕیاریشە شاندێکی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا بکات.
لە لایەکی دیکەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی داراییە و رەوانەی پەرلەمان نەکراوە. هەروەها گوتی، رەوانەکردنی پڕۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان بەستراوەتەوە بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و تاوەکو هەردوولا لەسەر پڕۆژەیاساکە رێکنەکەون ناگاتە پەرلەمان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە دا، بەغدا دەتوانێت بەبێ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێنێت، بەڵام نایەوێت ئەو کارە بکات و دواتر کێشەی بۆ دروست بێت.
سەبارەت بەوەی مانگی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەکەوێتە پشووی وەرزی یاسادانان، جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، بەپێی ماددەی 58ـی دەستوور دەتوانرێت وەرزی یاسادانانی پەرلەمان یەک مانگ درێژ بکرێتەوە. لە هەمان کاتدا بەپێی ماددەی 57ـی دەستوور ئەگەر بودجە پێش 1ـی تشرینی دووەم بگاتە پەرلەمان، وەرزی یاسادانان تاوەکو پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە بەردەوام دەبێت.