نرخی فەرش و راخەر لە بازاڕەکانی عێراق بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە
نرخی فەرش، راخەر و کومبار لە بازاڕەکانی عێراق بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ بە رێژەیەکی بەرچاو و بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە، بازرگانانی هاوردەکاریش هۆکاری ئەم گرانبوونە نائاساییە بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، زیادکردنی باج و گومرگ و هەبوونی گەندەڵی لە هاوردەکردنی کاڵاکاندا دەگەڕێننەوە.
قەیران و گرانبوونی لەناکاوی نرخەکان بازاڕەکانی عێراقی شێواندووە و بازرگانان و هاووڵاتییان بەهۆی زۆرکردنی باج و گومرگی سەر کاڵا هاوردەکراوەکانەوە نیگەرانن؛ بەجۆرێک نرخی کۆی هەر مەتری فەرش یان کومباری هەرزان کە کاربێتی ئێرانییە، لە 1750 دینارەوە بووەتە 3500 دینار.
جاسم عیسا، یەکێک لە بازرگانان، دەڵێت: ئەم بازرگانانە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی خوارووی عێراق و بەغداوە هاتوون؛ کار و بازرگانیمان وەستاوە و زیانی گەورە بەر کەرتی هاوردەکردن کەوتووە. یەک بار ترێلەی کۆستم پێ دەگات 20 ملیۆن دینار باج و گومرگی دێتە سەری، ئاخر ئەو پارەیە زۆرە، ناتوانین کار بکەین و نازانین بە چەند بیفرۆشینەوە.
هاوکات جەواد موسەوی، بازرگانێکی دیکە، ئاماژەی بەوە دا: «ئەو مەوادەی من دەیهێنم گومرگەکەی لە 3 ملیۆن و نیوەوە بەرزبووەتەوە بۆ 13 ملیۆن دینار. من فەرشی زۆر هەرزان دەهێنم بۆ چینی هەژار، مەتری فەرش بە نرخی کۆ 1750 دینار بوو، کەچی گرانکراوە بۆ 3500 دینار. ساڵانە نزیکەی 50 بارم بۆ دەهات، ئێستا تەنیا دوو بارم بۆ هاتووە و کەس نایکڕێت».
لای خۆیەوە، سائر محەمەد، بازرگانی کومبار، پەردە لەسەر گەندەڵییەک هەڵدەداتەوە و دەڵێت: حکوومەتی عێراقی باج و گومرگی لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەڵگرتووە، بەڵام کارگەیەک لە سنوری پارێزگای نەجەف بە پاڵپشتیی چەند بەرپرسێکی باڵا، فەرش و راخەر لە دەرەوەی وڵاتەوە بە لۆگوی کارگەی تموری کە هی شاری غازی عەنتابە هاوردە دەکات، خۆی ریکلام دەکات کە تورکییە، کەچی دەیبێتە عێراق و دەڵێت بەرهەمی ناوخۆییە بۆ ئەوەی گومرگ نەدات، بەمەش رزقی هەموومانی بڕیوە و وەزارەتی پیشەسازییش لە پشتیەتی.
عێراق ساڵانە بایی نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار فەرش و راخەر لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و چین هاوردە دەکات، و بازرگانانی ئەو بوارەش ئاشکرای دەکەن کە بەهۆی گەندەڵییەوە عێراق ناتوانێت پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەستێت.